کەنەکە، بانگەوازیی لە هەموو لایەک دەکات، کە بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، چوونکە پاراستی ڕۆژئاوا بە واتای خاوەندارێتی کردن لە هەموو کوردستان دێت.
ماوەی سێ ڕۆژە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک هێرشێکی ئاسمانی چڕی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێکردووە، ژێرخانی ئابووری و سەرچاوەکانی ژیان و ناوچە مەدەنییەکان بۆردوومان دەکات، لەو بارەیەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، دەوڵەتی تورک لەو هێرشانەیدا هەموو پێوەرە مرۆییی و یاساییەکان پێشێل دەکات، کە سەرجەم بنکە و ناوەندەکانی ژێرخانی ئابووری و سەرچاوەکانی ژیانی خەڵک، بە ئامانج دەگرێت، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدات.
کەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە لەم ساتەدا ڕێککەوت نییە و بەڵکوو پلان بۆ داڕێژراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ١٩٩٨ و هێرشکردنە سەر ناوچەکانی کۆبانێ و بەرخۆدانی کۆبانێ، جارێکی تر پاش نۆ ساڵ هێزەکانی ئەردۆغان هێرشیان دەست پێکردەوە، بۆیە ئەمە ڕێککەوت نییە و درێژە پێدەریی هێرشەکانی داعشە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، ئێستا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە و خەڵكی ڕۆژئاوا لە هەموو لایەکەوە وەڵامی هێرشەکانی داگیرکەران دەدەنەوە، نابێت ڕۆژئاوا بە تەنیا جێبهێڵدرێت و دەبێت پارێزگاریی لێ بکرێت، چوونکە بەرگریی کردن لە ڕۆژئاوا، بەرگریی کردنە لە کوردستان، پێوستە بە ڕۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ خاوەندارێتی لە ڕۆژئاوا بکەین.
لە کۆتاییدا کەنەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێمە وەک کەنەکە پاراستنی ڕۆژئاوا وەک خاوەندارێتی کردن لە هەموو کوردستان دەبینین، دەوڵەتی تورک و هەموو هاوبەشەکانی بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەین، ئێمە داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان دەکەین و دەڵێین: چاو لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک مەپۆشن و لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ مەبن، جگە لەوەش دەستخۆشی و سڵاو لە بەرخۆدانی هێزەکانی ڕۆژئاوا، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، هێزەکانی قەسەدە، خۆبەڕێوەبەریی و خەڵکی ڕۆژئاوا دەکەین.