جەنگی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین دەستپێکی گۆرانکاری نوێیە لە ناوچەکە بە تایبەت لە ڕۆژ هەڵاتی ناوین ، ئەم جەنگە پەیوەندی بە شەڕی خاک و ئاینەوە نیە ، هێندەی جەنگی نفوسی وڵاتانی دەرەوەیە بە تایبەت جەمسەرە جیاوازەکان ، ئەم جەنگە بۆ ئیسرائیل و دەزگای مووخابەراتی ئەو وڵاتە شۆک هێنەر بووە.
ڕاستە ئەوەی حەماس کردی لە مێژووی ئیسرائیل دا ڕووینەداوە ، بەڵام پێش ئەوەی گورزبێت لە ئیسرائیل ، گورزێکی گەورەیە لە فەڵەستین ، ئیسرائیل و وڵاتەکانی دۆستی بە تایبەت ئەمریکا وەڵامی توندی ئەم پەلامارەی حەماس و ئەوانەی لە پاڵ ئەو گروپانەدان دەداتەوە ، هێشتا زووە باس لە سەرکەوتن و شکستی لایەنەکان بکرێت ، چونکە بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا ئەم دۆخە سەرەتایە ، لە ماوەی چەند ڕۆژی ئایندەدا وەڵامی پێچەوانە دەبینین ، ئێستا ئیسرائیل لە حاڵەتی بەرگری و خۆ رێکخستنەوەدایە ، مەعلومیشە بۆیان کە ئەو وڵاتانەی ڕاستەوخۆ لە پاڵ ئەم کردە سەربازیەی حەماس وەستاون کێن.
ئەم جەنگە درێژە دەکێشێت بۆ بەرپەرچدانەوەی توندتری ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمریکا ، وەک ئەوەی هەیە ، پێش بینی دەکرێت ئاڕاستەی ئەم جەنگە بگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە ، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە هاوسۆزن لەگەڵ فەڵەستین و حەماس و گروپ و باڵی چەکداری لێیە.
ئێران بە درێژای دوو دەیەی ڕابردوو هەوڵی داوە هەموو ئاڵۆزی و شەڕەکان لە دەرەوەی وڵاتەکەی بکات ، ئەمریکا و ئیسرائیل بە دووژمن دەبینێت ، بەڵام تا ئەمڕۆ خۆی ڕاستەوخۆ نەچۆتە ئەو شەڕانەی کە کراوە ، هەمیشە گروپ و ڕێکخراوە سەربازییەکانی بەکارهێناوە بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و خۆر ئاوا ، بۆیە ئەم جەنگە بۆ ئێران ئاسان نیە لەدەرەوەی بازنەی ڕووبەڕو بوونەوە بمێنێتەوە ، چونکە ئەو شەڕ و جەنگانەی کراون بەشێکی بۆ بەرژەوەندییە گشتی یەکانی ئەمریکا سودی زیاتر بووە لە زیانەکانی ، ئەم جارە لێدانە لە سەنتەری بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل کە دڵی ئابوری و سیاسی و دیبلۆماسی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بۆ ئەمریکا هیچ وڵاتێک هێندەی ئیسرائیل هێڵی سور نیە لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست .
ئێران ناتوانێ لەم جەنگەدا پارێزراو بێت ، لەبەرئەوەی بابەتی ئیسرائیل جیاوازی گەورەی هەیە لەگەڵ زۆر بابەتی سیاسی تر ، ئەمە پەلاماردانی وڵاتێکی گەورەیە لە ناوچەکە ، هەڵگیرساندنی ئەم جەنگە بە دڵی ئەمریکا نەبووە بەڵام بە شێوەیەکی ناچاری تێکەڵ بەو جەنگە کرا ، ڕەد فعلی ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دوور نیە هەمان پەلاماری حەماس بێت بۆ سەر ئیسرائیل ، بۆیە ئەم جەنگە فراوان بوونی ئەگەرێکی پێش بینی کراوە ، بەڵام هەر چۆنێک بێت بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی سونە و کوردە لە عێراق ، بۆ شیعەکان خراپە ، کورد پێویستە خۆی ئامادە بکات بۆ ئەو گۆڕانکاریی و ئاڵەنگارییانەی کە لە ئایندەدا ڕوودەدات ، کۆمەڵێ بابەتی گرنگ هەیە ، بە تایبەت سەر لە نوێ داڕشتنەوەی سنورەکان و پێگەی کورد لە ناوچەکە.
بەختیار ئەمین