پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لە كۆنفرانسی ساڵانەی شارە داھێنەرە ئەدەبییەكانی یونسكۆ لە جیھاندا، سلێمانی وەك یەكێك لە شارە سەركەوتووە دەركەوتووەكانی بواری داھێنان لە جیھاندا ناسێنراوە.
ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بڵاویكردەوە: لە كۆنفرانسی ساڵانەی شارە داھێنەرە ئەدەبییەكانی یونسكۆ لە جیھاندا، سلێمانی لەگەڵ ھەر یەك لە شارەكانی سیاتڵ لە ئەمریكاو ئیدنبرە لە سكۆتلاندەدا، لە بواری باش بەڕێوەبردن و چالاكییەكاندا، بوونەتە یەكەمی شارە داھێنەرە ئەدەبییەكانی جیھان و لە رۆژی كۆتایی كۆنفرانسەكەدا ئەزموونی خۆیان پێشكەش بە شارە بەشداربووەكان كرد.
وتیشی: ژووری سلێمانی بە یەكێك لە چالاكترین و پڕ پەیوەندیترین ژووری تۆڕەكە ناسێندرا، كە توانیویەتی لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە بە شێوەگەلێكی زۆر باش كاربكات و كاری ھاوبەش لەگەڵ زۆربەی ژوورەكانی شارە داھێنەرە ئەدەبییەكانی جیھان رێكبخات.
ئاماژەی بەوەشكرد: سلێمانی تەنھا شاری كوردستان و عێراق و ناوچەكەبووە، كە بەشداریی لەو دیدارە جیھانییەدا كردوەو بەرھەم و كایەی ئەدەب و كولتوری كوردستانی خستوەتە سەر نەخشەو ناو كارنامەی رێكخراوی یونسكۆو ھەموو جیھانەوە.