بنیامین ناتانیاھۆ بۆ ئێران: تاقیمان مەکەنەوە باجەکەی قورس دەبێت

ھەردوو حکومەتی ئیسرائیل و ئەڵمانیا ھۆشدارییان دایە کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی غەززە، ھاوکاری حەماس نەکات و ئیسرائیل تاقی نەکاتەوە، بەپێچەوانەوە باجێکی قورس دەدات.

بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەیی ئاماژەی بەوەشکرد، ھۆشداری دەدات بە ئێران و حزبوڵا کە بەھیچ شێوەیەک ئیسرائیل لە سنوری باکوری وڵاتەکەی تاقی نەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەو کارە بکەن، باجێکی قورس دەدەن.

وتیشی، ئامانج لە راگەیاندنی شەڕ بۆ لەناوبردنی یەکجاری حەماسە، بۆیە داوا لە وڵاتانی جیھان دەکات دژی حەماس یەکبگرن کە کار و رەفتارەکانیان ھاوشێوەی “نازییەکانە”.

لای خۆیەوە، سێباستیان فیشەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ھۆشداریی دایە ئێران لەبارەی فراوانکردنی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و رایگەیاند، ھەرکەسێک ھەوڵی ئەوە دەدات لەم دۆخەدا یاری بە ئاگر بکات پێویستە پێش ئەوەی ئەو کارە بکات دووجار بیربکاتەوە، چونکە ھەمووان لەبەردەم سەرھەڵدانی شەرێکی ھەرێمایەتی گەورەدان.

پەیوەندیدار