دادگای فیدڕاڵی یاسایەکی دیکەی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە

دادگای فیدڕاڵی عێراق یاسایەکی دیکەی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە، بڕیاریدانیشی لەبارەی سکاڵایەک لەسەر یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ٥ی مانگی داھاتوو دواخست.

دادگای فیدڕاڵی لەکۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەیدا لەسەر سکاڵای ھاوڵاتییەک بەناوی شاخەوان لوقمان کۆبووەوە و بڕیاردا بە ھەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە (٤٢)ی ساڵی ٢٠٠٤ ی پەرلەمانی کوردستان کە یاسای (ھەمواری یاسای سزادانی عێراقی)یە.

بەگوێرەی یاساکەی پەرلەمانی کوردستان ھەرکەسێک ھانی کاری خۆکوژی بدات یان بە ھەر شێوەیەک یارمەتی بدات کەسێک خۆی بکوژێ، یان بووبێ بە ھۆکاری خۆکوشتنەکەی، ئەو کەسە سزای زیندانی بۆ ماوەیەک بەسەردا دەسەپێندرێت کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

دادگای فیدڕاڵی ئەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە بەھۆکاری ئەوەی پێچەوانەی برگەی دووەمی ماددەی ١٢١ دەستورە، ھاوکات سەرباری ھەڵوەشاندنەوەی یاساکە، ھەموو ئەو کەسانەشی بەو یاسایە حکومدراون و تاوانبارکراون بە ھۆکاری خۆکوشتنی کەسێک، سزاکەیان لەسەر ھەڵدەگیرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە دادگای فیدڕاڵی بڕیاردانی لەسەر سکاڵایەک کە دژی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوو، بۆ ٥ـی مانگی داھاتوو دواخست، لە سکاڵاکەدا زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی فراکسیۆنی رافیدەین لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوایانکردوە دادگای فیدڕاڵی ماددەکانی ١ و ٩ و ١٥ و ٢٢ و ٣٦ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری دابنێت کە پەیوەندیدارن بە کورسی کۆتاکان و دانانی ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن.

پەیوەندیدار