رێكخراوی یونیسێف: تا ئێستا دوو هەزار و ٤٠٠ منداڵ لە غەزە كوژراون

ڕێكخراوی یونیسێف بڵاوی كردەوە، بەهۆی هێرش و شەڕە بەردەوامەكانی نێوان حەماس و ئیسرائیل نزیكەی دوو هەزار و ٤٠٠ منداڵ لە غەزە كوژراون، زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٠٠ منداڵیش برینداربوون.
ئادێل خدر، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی یونیسێف بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لەبارەی ژمارەی ئەو منداڵانەی بەهۆی شەڕە بەردەوامەكانی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە كوژراون، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بەهۆی هێرش و شەڕە بەردەوامەكانی نێوان حەماس و ئیسرائیل نزیكەی دوو هەزار و ٤٠٠ منداڵ لە غەزە كوژراون، زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٠٠ منداڵیش برینداربوون، بۆیە داوا دەكەین كوشتن و ڕفاندنی منداڵان و هێرشكردنە سەر نەخۆشخانە و قوتابخانەكان و ڕابگیرێت، ئاسانكاری بكرێت بۆ گەیاندی هاوكارییە مرۆییەكان بە منداڵانی غەزە.
ئاماژە بەوەش كراوە، بارودۆخی شەڕ لە كەرتی غەزە تا دێت زیاتر دەبێت، هەروەها ڕێژەی مردن و برینداربوونی منداڵان لە غەزە شۆككەرە، ڕۆژانە زیاتر لە ٤٠٠ منداڵ دەكوژرێن و بریندار دەبن، ئەگەر گرژییەكان كەم نەكرێنەوە و ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەكانی وەك خۆراك، ئاو، پێداویستییە پزیشكییەكان و سووتەمەنی نەدرێت، ئەوا ژمارەی كوژراوان زیاد دەكات.
یونیسێف بەپەلە داوا لە هەموو لایەنەكان دەكات، كە ڕازی بن بە ئاگربەستی مرۆیی و ڕێگە بدەن هاوكارییەكان بگات، هەروەها هەموو دیلەكان ئازاد بكەن، لە كەرتی ڕۆژئاوای غەزە زیادبوونی ژمارەی قوربانییەكان مەترسیدارە.
لە لایەكی دیكەوە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندووە، زیاتر لە ٣٠ منداڵی ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە و تا ئێستاش دەیان منداڵ لە ناو كەرتی غەزە دەستبەسەرن.

پەیوەندیدار