وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کۆی گشتی داهاتی نەوت لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا زیاتر لە نۆ ملیار و 422 ملیۆن دۆلار بووە.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری کۆتایی هەناردە و داهاتی مانگی ئەیلولی ڕابردووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، 103 ملیۆن و 143 هەزار و 199 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
ڕوونیشیکردەوە کە نرخی تێکڕای هەر بەرمیلێك بە 91.353 دۆلار فرۆشراوە و کۆی گشتی داهاتەکەشی نۆ ملیار و 422 ملیۆن و 410 هەزار دۆلار بووە.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە 102 ملیۆن و 220 هەزار و 441 بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوورەوە هەناردە کراون و 449 هەزار و 423 بەرمیلیش بۆ ئوردن هەناردە کراوە.
وەزارەتی نەوت ڕاشیگەیاند 37 کۆمپانیای جیهانیی نەوتی عێراقیان کڕیوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق سەرەتای هەموو مانگێك ئاماری سەرەتایی تایبەت بە هەناردە و داهاتی مانگی پێشووی نەوت ڕادەگەیەنێت و لە کۆتایی مانگیشدا دوای وردبینیکردن لە تەواوی داتاکان، ئاماری کۆتایی بڵاودەکاتەوە.