ئێران: پێویستە کێشەی ئیسرائیل و فەڵەستین چارەسەر بکرێت

وەزیرى دەرەوەى ئێران بۆچونى وڵاتەکەى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى فەڵەستین لەڕێى سیاسییەوە راگەیاند، جەختیشیکردوەتەوە کە دەبێت کێشەکان بەشێوەیەکى بنەڕەتى چارەسەر بکرێن.

لەڕێى پەیوەندییەکى تەلەفۆنییەوە لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ڤاتیکان، حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران وتى: ئێمە پێمانوایە دەبێت کێشەى فەڵەستین بەشێوەیەکى بنەڕەتى چارەسەر بکرێت، جا ئەوەش دەکرێت لەڕێى ریفراندۆمەوە بێت بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوى دانیشتوانى رەسەنى فەڵەستین بە موسوڵمان و مەسیح و جولەکە بەشداریی تێدا بکەن.

جەختیشیکردەوە کە دەبێت هەمو هەوڵەکان بە ئاڕاستەى چارەسەرکردى ئەو قەیرانە سیاسییە بێت کە ئێستا لە غەززە رودەدات.

رونیشیکردەوەتەوە کە لە ئێستادا تەنها دو رێگە هەیە، یەکەمیان هەوڵى تەواو بدرێت تا چارەسەرێکى سیاسیی دەدۆزرێتەوە یاخود بەردەوامیدان بەم شەڕە ئەویش کە بەردەوام بەرەو فراوانبون دەچێت.

لاى خۆیەوە وەزیرى دەرەوەى ڤاتیکان جەختیکردوەتەوە ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە زۆر گرنگ بوە بۆ گرنگیی چارەسەرى دۆخى سیاسى و گەیاندنى هاوکاری مرۆیی بۆ هاوڵاتییانى غەززە.

پەیوەندیدار