ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو دەڵێت، لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی ئەیلول لەسێدارەدان بەرێژەی ٦٥% زیادیکردووە و لەو ماوەیەدا 80 کەس لەسێدارەدراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماری لەسێدارەدانی زیندانیانی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بۆ مانگی تشرینی یەکەم بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەشکرد، لە مانگی ئەیلولدا 53کەس لەسێدارەدرا بوون، بەڵام بۆ مانگی تشرینی یەکەم ئامارەکە ٦٥% زیادیکردووە و لەو ماوەیەدا 80 کەس لەسێدارەدراون، بەوپێیەش ھەموو رۆژێک پێنج کەس لەسێدارەدراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەناو ئەوانەشی لەسێدارەدراون، 35 کەسیان بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە ھۆشبەرەکان، 33 کەسیش بەتۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، 5 کەسیش بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و 7 کەسی دیکەش بە تۆمەتی ناڕوون لەسێدارەدراون.
بەگوێرەی ئامارەکە لەناو لەسێدارەدراوەکاندا، ١٨ بەندکراوی بەلووچ، چوار بەندکراوی کورد، چوار بەندکراوی تورک و پێنج بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان ھەبوون.