وەزارەتی سامانە سروشتییەكان “سەبارەت بە دەنگۆی تەواوكردنی راكێشانی بۆرییەكی گاز لە كێڵگەی كۆرمۆر؛ بە پێویستی دەزانین ئەم روونكردنەوەیە بدەین، بۆ ئەوەی بابەتەكە بە هەڵە لە ڕاگەیاندنەكانەوە باس نەكرێت. تا ئێستا بڕی گازی پێویست بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە و، بەپێی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای داناگاز بەهیچ شێوەیەك كۆمپانیاكە بۆی نییە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گاز لە كێڵگەكانی هەرێمەوە بۆ هیچ شوێنێكی دیكە بگوازرێتەوە”. دەشڵێت “ئەو بۆرییەی لە راگەیاندنەكاندا باس كراوە، لە ساڵانی هەشتاكانەوە هەبووە و كۆمپانیای دانا گاز پێشتر بۆ بابەتی گواستنەوەی كوندینسیت بەكاری هێناوە”. ئاماژەی بەوەشكردووە “لە كۆبوونەوەی رۆژی 2/10/2023 بە فەرمی بە كۆمپانیای داناگازمان راگەیاندووە: نابێت بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان گازی كێڵگەكانی هەرێم بۆ هێچ شوێنێك چ لەناوخۆ یان دەرەوە بگوازێتەوە”.