سەرۆكوەزیرانی عێراق بە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە،”ئەمریكا هەڕەشەی جددی كردووە و جێبەجێكردنی قەیرانێكی مەترسیدار لە عێراق دەخولقێنێت،وەڵامەكانی تەنها سەربازی نابن بەڵكو سزای ئابوری و سیاسی و دیپلۆماسیش لەخۆدەگرێت”.
رۆژنامەی (العربی الجدید) بڵاویكردووەتەوە،”دوای چەند كاتژمێرێك لە گەڕانەوەی لە تاران, لەسەردانێكی خێردا, سودانی لەگەڵ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوەتەوە،لەكۆبونەوەكەدا, كە ژمارەیەك لە سەركردەی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی ئێران بەشداربوون, تاوتوێی هۆشدارییەكانی ئەمریكا كراوە, كە ئەنتۆنی بلینكن لەكاتی سەردانەكەی ئەم دواییەی بۆ بەغداد, گەیاندویەتی بە سودانی”.
سەركردەیەكی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە،”چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەجێ دوای گەڕانەوەی سودانی لە تاران, لەماڵی حەیدەر عەبادی كۆبووەتەوە, ئامادەبووان هۆشدارییەكانی ئەمریكایان لەبارەی بەردەوامیی كردنە ئامانجی بنكەكانی سوپای ئەمریكایان لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە تاوتوێكردووە”.
سودانی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی, لەنێویاندا قەیس خەزعەلی و ئەبوئالائی وەلائی, كە نوێنەرایەتی سیاسی گروپە چەكدارەكان دەكەن, مەترسی هەڕەشەكانی ئەمریكای روونكردووەتەوە, كە ئەنتۆنی بلینكن لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد پێی راگەیاندووە, جێبەجێكردنی ئەو هەڕەشانەش چی قەیرانێكی ناوخۆیی مەترسیدار لەعێراق دەخولقێنێت.
سودانی جەختی لە جددیەتی واشنتۆن كردووەتەوە لە جێبەجێكردنی هەڕەشەكانی بە وەڵامدانەوەی كردنە ئامانجی هێزەكانی, ئەو پرسەشی بەشێوەیەكی ورد بۆ لایەنی ئێرانی باسكردووە لە سەردانەكەیدا بۆ تاران.
سودانی داوای لە سەركردە سیاسی و ئایینیەكانی ئێران كردووە دەستوەردان بكەن بۆ راگرتنی هێرشی هەندێك لە گروپە چەكدارەكان, بۆ رێگریكردن لەهەر لێكەوتەیەك لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق و رێگەگرتن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ.
بەپێی راپۆرتی ڕۆژنامەكە،”سودانی داوای لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كردووە فشاربكەن لە گروپە چەكدارەكان بۆ راگرتنی هێرشەكانیان دژی ئەمریكیەكان, بەوپێیەی بەڵێنی داوە بە لایەنی ئەمریكی بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە لە قۆناغی ئایندەدا”.
وتوشەیەتی،”وەڵامی ئەمریكا تەنها سەربازی نابێت بۆ سەر هەندێك لە گروپەكان, بەڵكو سزای ئابووریش دەگرێتەوە و رێوشوێنی تریش دەگرێتەبەر كە رەنگە بگاتە ئاستی تێكچونی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەكان لەنێوان بەغداد و واشنتۆن, بەوپێیەی هۆشدارییەكانی ئەمریكا لە ئاستێكی باڵای مەترسیداریدا بووە”.