سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، زانیارییان هەیە کە ئێران گەیشتووەتە ئاستی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و وەشاندنی گورزی سەربازیی دژ بە تاران هیچ سوودێکی نییە، دەبێت ئیسرائیل بیرۆکەی بوونی ئێرانێکی ئەتۆمیی لە ناوچەکەدا قبووڵ بکات.
ئیهود باراک، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات، ئێران بووەتە دەوڵەتێکی ئەتۆمی و لەلایەن ئیسرائیلەوە بە هەڕەشە گەورەکە هەژمار دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ڕایگەیاندوە، ناتوانین هیچ دەستتێوەردانێک بکەین بۆ ئەوەی تاران نەتوانێت ببێتە هێزێکی ئەتۆمی، ئیتر ئێستا ئێران بووەتە دەوڵەتێکی ئەتۆمیی و ئەوەش لەلایەن ئیسرائیلەوە بە هەڕەشە گەورەکە هەژمار دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، هیچ کەسێک ناتوانێت لەو بارەیەوە قسە بکات، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێران ئەوە بڵێت ئەوە واشنتن سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنێت، ئەگەر ئەمریکاش خۆی ئەوە بکات ئەوە جەماوەر دەپرسێت ئەوە چۆن ڕوویدا و لە و بارەیەوە چی هەنگاوێک دەگرنە بەر؟.
ڕاشگەیاندووە، پێم وا نییە ئێران هەڕەشەی وەشاندنی ئەتۆم لە ئیسرائیل یان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات، هەر وەک چۆن هەرگیز کۆریای باکوور هەڕەشەیەکی لەو جۆرەی لە کۆریای باشوور یان ژاپۆن و ئەمریکا نەکردووە.
ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کە ئێران گەمژە نییە و هەرگیز ئەو کارە ناکات، کەسمان نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ چاخی بەردین، بابەتەکە پەیوەندیی بە مانەوەی دەسەڵاتەوە هەیە نەوەک بۆردوومانکردنی جیهان، ئەوان ناوێرن بۆمبێک بەسەر ئیسرائیل یان ئەمریکا یان هیچ شوێنێکی تردا بدەن.