دەرەنجامی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری نەوتی عێراق بڵاو کرایەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری کە لە بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای (سۆمۆ) پێکهاتبوون، پاش کۆبوونەوەیان بیروڕا لەبارەی ڕێکار و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کراوە.

ئەمڕۆ لە هەولێر دوای گەیشتنی حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندی یاوەری لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ کراوە و بەپێی دەرەنجامی کۆبوونەوەکە، حکومەتی هەرێم ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێم دووپات کردووەتەوە و بڕیار دراوە کۆبوونەوەی زیاتر لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت.

لە ڕاگەیەنراوێکدا دەرەنجامی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری نەوتی فیدراڵ ئاشکرا دەکرێت و ڕایانگەیاند، سەرۆکی حکومەت ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دووپات کردووەتەوە، لە چوارچێوەی هێنانە کایەی لە یەک تێگەیشتنێکی هاوبەش بە ئاراستەی بە جێ گەیاندنی پێداویستییە دارایی و تەکنیکییەکانی پرۆسەی هەناردەکردن و لە چوارچێوەی بنەما دەستووریی و گرێبەستەکان و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم لایەنەکان، و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ دەستەبەرکردنی خەرجیی شایستەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم، کە لەناو بودجەی حکومەتی فیدراڵ تەرخانکراویی پێویستی بۆ دانراوە.

ئاماژەیان بەوەش داوە، کە وەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، زیانی چەندین ملیار دۆلاری بە گەنجینەی گشتی گەیاندووە، و پێویستە لە زووترین کاتدا هەناردەکردن دەست پێ بکاتەوە.

هاوکات وەزیری نەوتی فیدراڵ، خواستی حکومەتی فیدراڵی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەربڕیوە و داواکراوە، دەستەبەرکردنی زەمینەیەکی لەباری هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور و لابردنی ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەکە دروست بکرێت.

پەیوەندیدار