ئەمەریکا بۆ چوار مانگی دیکە ڕێگا بە عێراق دەدات غاز و کارەبا لە ئێران بکڕێت، ئێرانیش تەنها دەتوانێت ئەو پارەیە بۆ پێداویستییە مرۆییەکان خەرج بکات.
بەپێى هەواڵی ئاژانسە جیهانییەکان، رۆژی سێشەممە ئەنتۆنی بلینکین وەزیری دەروەی ئەمەریکا واژۆی لەسەر ئەو بریاڕە کردوە، کە رێگە بە عێراق دەدات بۆ ماوەی 120 رۆژی دیکە کارەبا و غاز لە ئێران هاوردە بکات.
وا بڕیارە کۆنگرێس، تاوتوێی بریارەکە بکات و پێشبینیش دەکرێت ببێتە جێگای رەخنەی ژمارەیەک لە ئەندامەکانی، بەهۆی ئەوەی کە پێیانوایە تاران پشتیوانی لە چەند گروپێکی تیرۆرستی دەکات و ئەم بریارەش پشتیوانییەکى باشی دارایی دەبێت بۆئەو وڵاتە و گروپەکانی گرێدراوی.
ئێران 10 ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق دەستکەوتوە و لە بانکەکانی عێراقدایە، بەڵام تاران راستەوخۆ ناتوانێت سود لە قەرزەکەی وەربگرێت.
بەپێی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و بەغداد، دەبێت پارەکە بگوازرێتەوە بانکێک لە عوممان و دواتر بکرێتە یۆرۆ، تارانیش تەنیا دەتوانێت پارەکە بۆ کڕینی پێداویستی مرۆیی بەکاربهێنێت.