مەحمود عوسمان رایگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارەکانی هێندەی چوارچێوەی سیاسیان هەیە یاسای نین، دەشڵێت ” کورد دەتوانێت بە بڕیارەکانییەوە پابەند نەبێت “.
مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لە لێدوانێکدا بۆ “دەنگی ئەمەریکا” دەڵێت:” دادگای فیدراڵی مافی ئەوەی نییە لەبارەی سەرۆکی پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات، لەڕاستیدا دادگاکە خۆی بووە بە کێشە، هەر ڕۆژە و بڕیارێک دەدات، زۆر شت دەکات هیچ پەیوەندی بەم دادگایەوە نییە و دادگایەکی دەستوری نییە.”
باسی لەوەشکرد، پێویستە چارەسەرێکی ئەو دادگایە بکرێت و یاسایەکی نوێی بۆ دانبرێت، لەهەمانکاتدا دادگایەک هەبێت دەستوری بێت و دەسەڵاتی هەبێت ئەو بڕیارانە بدات، چونکە دادگای فیدراڵی هی ئەو کاتەیە کە بەپێی یاسای کاتی برێمەر دانراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممەی رابردوو دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانی عێراق، لەئەنجامدا حەلبوسی سەرجەم وەزیر و بەرپرسە باڵاکانی لە حکومەت کشاندەوە و فراکسیۆنەکەی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کرد.