مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق جێگەی نیگەرانین، بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو رێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە.
مهسرور بارزانی لهمیانی وتارێكدا له کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە “MEPS” له دهۆك، رایگهیاند “دەبێت ئامادەبین بۆ تێگەیشتن و داننان بەوەی، هەندێک لەو کێشانەی لێرە گفتۆگۆیان لەبارەوە دەکرێت مەترسین بۆسەر هەمومان، بەرزبونەوەی خێرای پلەی گەرمای هەسارەی زەوی، لێکەوتەی زۆر مەترسیداری دەبن لەسەر ناوچەکەمان و جیهانیش، نەبونی ئاسایشی خۆراک و کەمئاوی و کۆچی بەکۆمەڵ خێراتر دەکات، ئەمەش کێشەیەک نیە دوای بخەینن چونکە ئێستا وا ڕودەدات”.
مهسرور بارزانی باسی لهوهشكرد، “شەپۆلەکانی گەرما و لافاوەکان زیاتر بون، ئێستا ناچاربوین بیری قوڵتر لێ بدەین بۆئەوەی بگەینە ئاو، بەگوێرەی تازەترین ئاماژەکان، پێشبینیەکانی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست زۆر نزیکن لەوەی بەڕاستی ڕوبدەن، پێویستە کاری باشتر بکەین بۆ ڕێگریکردن لە دەردانی کاربۆن، هەمو هۆکارێکیشمان هەیە بۆئەوەی ئەو کارە بکەین و هیچ هۆکارێک نیە بۆئەوەی نەیکەین”.
ئهوهشی خستهڕو، “ئێستا کاتی ئەوە نیە خۆمان لە بەرپرسیارێتی بدزینەوە یان دەستەوەستان بین و خۆمان لە کێشەکان بەدور بگرین، پێویستە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی کار بکەین، پێش هەمو شتێک وەک هاوڵاتی، بەڵام بە ڕەهەندێکی جیهانی، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاڵنگارییانەی ڕوبەروی هەمومان دەبنەوە، خۆبەستنەوە بەو هەستەی، لەکوێ دەژین، دەرئەنجامی خراپی دەبێت لەسەرمان، کوردستان ناتوانێت بۆ نمونە لە دەرئەنجامەکانی گەرمبونی کوەیت هەڵبێت، بەحرەین و بەسڕە، نەک تەنیا لەڕێگەی دەریاوە بەڵکو، بە چارەنوسێکی هاوبەشی کەشوهەواشەوە پێکەوە بەستراونەتەوە”.
بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە مەترسی لێ دەکەوێتەوە
لهبارهی دۆخی عێراقیشهوه وتی، “پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی عێراق جێگەی نیگەرانین. بەردەوامی پێشێلکردنی دەستوری عێراق و پابەندنەبون بەو ڕێککەوتنەی پێکهێنانی ئەم حکومەتەی ئێستای لێکەوتەوە، مەترسی ناسەقامگیری و دوبارە سەرهەڵدانەوەی تایفەگەری و دابەشبون لەنێوان پێکهاتە سەرەکییەکان لێ دەکەوێتەوە”.
هۆشداریشدا لهوهی “ئەگەر بڕیارە تاکلایەنەکان بەردەوامبن و دامەزراوەکانی حکومەت لەلایەن یەک گروپەوە کۆنترۆڵ بکرێن، هەستی نادادپەروەری قوڵتر دەبێتەوە، بەرهەمی ئەم فاکتەرانەش، گەندەڵی و نادادپەروەری و هەژراییە و ئەمانەش هۆکارن بۆ ئەوەی ناسەقامگیری دروست ببێت و توندڕەویش لەم هەلومەرجانەدا سەرهەڵدەداتەوە، شێوازێکی گشتگیر و هەمەلایەنە بۆ بەرێوەبردنی عێراق و جێبەجێکردنی کارە تەواو نەکراوەکانی ناوچەکە، پێوێستیەکی بەپەلەیە”.