بزوتنەوەى حەمماس باس لە وردەکاریی ئاگربەستەکەى نێوانیان دەکات لەگەڵ ئیسرائیل و دەڵێت: لە بەرامبەر 50 ئیسرائیلیدا 150 فەڵەستینى ئازاد دەکرێن.
بزوتنەوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد؛ لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ ئیسرائیل پێیگەیشتون، چوار رۆژ ئاگربەستی کاتیی رادەگەیەنرێت و لەو ماوەیەدا لە بەرامبەر 50 دیلی ئیسرائیلیدا کە ئازاد دەکرێن، 150 فەڵەستینی لە گرتوخانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد دەکرێن.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەو کەسانەى ئازاد دەکرێن لە هەردولا کەسانى خوار تەمەن 19 ساڵ و ژن و منداڵ پێکدێن.
هەر بەپێى رێککەوتنەکە ئاگرەبەستەکە چوار رۆژ دەخایەنێت؛ لەو ماوەیەدا سەدان بارهەڵگر و پێداویستى و هاوکاریی مرۆیی و سوتەمەنى دەچنە غەززە و دەگەنە هەمو ناوچەکانى باکور و باشورى کەرتەکە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە ماوەی ئاگربەستەکەدا تەواوی رۆژەکە هاتوچۆی ئاسمانیی لە باشوری کەرتی غەززە رادەگیرێت و لە باکوریش بۆ بۆ ماوەی شەش کاتژمێر رادەگیرێت، هێزەکانی ئیسرائیلیش لە تەواوی کەرتی غەززەدا کەس دەستبەسەر ناکەن و هێرش ناکەنە سەر کەس.