نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆژی جیھانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لێبڕاوانە بەرامبەر بە ھەر جۆرە توندوتیژییەک دژی کچان و ژنان و ھەراسانکردنیان لە ھەر کوێ و بە ھەر پاساوێک بێت، دەوەستینەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، ھەموو پشتگیرییەک بۆ کەمپەینی ١٦ ڕۆژەی کار و چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دووپاتدەکەنەوە، لێبڕاوانە بەرامبەر بە ھەر جۆرە توندوتیژییەک دژی کچان و ژنان و ھەراسانکردنیان لە ھەر کوێ و بە ھەر پاساوێک بێت، دەوەستنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم ڕۆژەدا یادی ھەموو ئەو ژنانە دەکەنەوە کە ستەمیان لێکرا و لەبەر ڕەگەز و جیاوازییان، ژیانیان لێ سەندرایەوە، ھیچ شتێک دادی ئازاری گەورەی خێزان و دایک و باوکانی ئەو قوربانییانە نادات، تاکە دڵنەوایی بۆ ئەوان تەنیا ئەوەیە ھەمووان پێکەوە کار بکەن بۆ ئەوەی دادوەری بۆ قوربانییان جێبەجێ بکرێت، ھەروەھا بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی خانمانی چالاکوان و مامۆستایانی ئایینی و ھەموو ئەوانە دەڕوانین کە بە ھەر شێوەیەک بێت، بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان کار دەکەن.
دەشڵێت، “لەم یادەدا پابەندیمان دووپاتدەکەینەوە کە بە ئیرادەیەکی پتەو و بە جددی بەرەنگاری ھەموو توندوتیژی و پێشێلکاری و دەستدرێژییەک بەرامبەر بە ژنان و مافەکانیان دەبینەوە، لە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەشمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین، ھەرگیز لە کار و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر و یەکسان کۆڵ نادەین.