رۆژنامەی (العربی الجدید): لایەنە سیاسیە جیاوازەكانی عێراق ئاشكرایانكردووە, ناكۆكییەكان لەبارەی دەستنیشانكردنی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە ، زەحمەتە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق, كە بڕیاڕی (18) مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت, سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
ئەنوەر عەلوانی, ئەندامی دیاری حزبی “تەقدوم” كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكایەتی دەكات, راگەیاندووە: تائێستا كوتلەو هێزە پەیوەندیدارەكان لە گفتوگۆكانیان بۆ دیاریكردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان, نەگەیشتووەتە هیچ رێككەوتنێك.
خەمیس خەنجەر, سەرۆكی حزبی سیادەو محەمەد حەلبوسی, سەرۆكی حزبی تەقدوم, سەرپشك كراون بۆ دیاریكردنی جێگرەوە, بەڵام تا ئەمڕۆ نەگەیشتووەنەتە رێككەوتن لەسەر ناوێكی دیاریكراو.
سالم عەنبەكی, پەرلەمانتاری چوارچێوەی هەماهەنگی, رایگەیاندووە: ناكۆكی نێوان هێزە سونییەكان كە پێویستە كاندیدێك پێشكەش بكەن, تائێستا بەردەوامە.
هیچ رێككەوتنێك لەوبارەیەوە نەكراوە, هیچ ناوێكیش بەشێوەیەكی فەرمی پێشنیازنەكراوە, هەموو ئەوانەشی باسدەكرێن, لەڕێی میدیاكانەوە دزەی پێدەكرێت بۆ زانینی ئاستی كاردانەوەكان.
چوارچێوەی هەماهەنگی, بە هێزە سوننیەكانی راگەیاندووە, پێویستە بگەنە رێككەوتن لەسەر ناوی كاندیدێك یان ئەوپەڕی دوو كاندیدێك, پێش دانیشتنی دەنگدان, بۆ ئەوەی ململانێیەكی قوڵ نەبێت لەنێوان لایەنە سیاسیەكان, هەر لەبەر ئەوەش چوارچێوەی هەمانگی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی دواخست, تا كاتی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سوننی-سوننی.
پێشهاتەكان ئاماژە بە سەختی هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ دەكەن بۆ پەرلەمانی عێراق لەم رۆژانەدا, بۆیە ئەو دۆسیەیە بۆ دوای هەڵبژادنی پارێزگاكان دوادەخرێت.
رەنگە ئەو پرسە ببێتە لە بەشێك لەدانوستانی پێكهێنانی حكومەتە ناوخۆییەكان, بە تایبەت لەناوچەكانی خۆرئاوا.
بەوتەی سەرچاوە سیاسیە ئاگادارەكان, دیارترین كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق, بریتن لە: سالم عیساوی, شەعلان كرەیم, عەبدولكەریم عەبتان, فەلاح زێدان و مەزاحم خەیات, بەبێ ئەوەی هیچ رێككەوتنێكی سیاسی كرابێت لەسەر هیچ ناوێكیان.