ئەمریکا ئەو شوێنەی دەستنیشان کرد کە لێیەوە چەندین هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر پێگە و بنکە سەربازییەکانی لە عێراق و سوریا.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە راگەیەنراوێکدا زانیاری وردی لەبارەی هێرشێکی مووشەکیی خستەڕوو کە کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی لە رومێلای سوریا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە؛ هێرشەکە لەرێگەی مووشەکی دوورهاوێژەوە ئەنجامدراوە و مووشەکەکەش لە ناو سنووری عێراقەوە ئاراستە کراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە؛ هێرشەکە بە ١٥ مووشەک ئەنجامدراوە و مووشەکەکان لە جۆری ١٢٢ میلیمەتریی بوون.
ئەمریکا بە درۆنی چاودێریکردن، شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانی لە عێراق ئاشکرا کردووە، لە شوێنەکە تانکەرێکی پڕ لە سووتەمەنی و چەندین مووشەکی دیکە هەبوون، گوایا ئامادەکاریی کراوە بۆ ئەوەی ٢٠ مووشەکی دیکەی هاوشێوە ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بکرێن.
فەرماندەییەکە راپۆرتێکی وردی لەبارەی هێرشەکە و شوێنی هەڵدانی مووشەکەکان رادەستی حکومەتی عێراق کردووە و داوای لێ دەکات لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکان بکات.
لەدوای دەستپێکردنەوەی شەڕی ئەمجارەی ئیسرائیل و فەڵەستین لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، نزیکەی ٧٠ هێرشی جیاواز کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.