ئێران : بەهۆی پیسبونی ژینگەوە ساڵانە نزیكەی 40 هەزار گیانلەدەستدان تۆمار دەكرێت

منداڵانی قوتابخانەو بەشێك لە كارمەندانی ئیدارە حكومییەكان لە تاران لەم هەفتەیەدا فەرمانی (مانەوەی لە ژورەوە)یان پێگەیشتوە بەهۆی بەرزبونی ئاستی پیسبونی هەوا، دیاردەیەكە لە زستاندا بەردەوام رودەدات و ساڵبەساڵ خراپتر دەبێت.
تاران كە 9 ملیۆن كەسی تێدایە، بەدەست پیسبونی هەوای درێژخایەن دەناڵێنێت و زۆرجار وەك یەكێك لە پیسترین شارەكانی جیهان پۆلێن دەكرێت، لە چەند رۆژی رابردودا هۆشدارییەكانی پیسبونی هەوا كاریگەرییان لەسەر زۆربەی شارە گەورەكانی ئێران لە ئەسفەهانەوە تا تەورێزی گرتوەتەوە.
لەڕۆژی یەكشەممەوە لە تاران قوتابخانەو قوتابخانە ئامادەییەكان داخراون و وانەو خوێندن بە شێوەیەكی نادروست بەڕێوە دەچێت، دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەیان بەوەداوە كە دانیشتوانیان زۆرترین زیانلێكەوتون، وەك منداڵان، بەساڵاچوان و ژنانی دوگیان، پێویستە خۆیان لە چونە دەرەوەو ئەنجامدانی وەرزشی جەستەیی بەدور بگرن، هەروەها داوای لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی حكومەت كردوە ئەوانەی بە دەست كێشەی تەندروستیەوە دەناڵێنن لە دورەوە كار بكەن.
چەند ڕۆژێكە هەمان دیمەن دوبارە دەبێتەوە، تەمێكی زەردی چڕ وردە وردە ئاسمانی شین بەرەبەیان پڕدەكاتەوە، دیمەنی شاخەكانی ئەلبورزی مەزن كە لە سەروی گەڕەكەكانی باكوری پایتەختی ئێرانەوە بەرزدەبێتەوە تەمومژاوی دەكات.
تاران بە یەكێك لە پیسترین شارەكانی جیهان دادەنرێت، هەرچەندە بارودۆخی ئەوێ بەقەد شارە گەورەكانی دیكەی وەك نیودەلهی جدی نییە، كە ئاستی گەردیلە وردەكانی شێرپەنجە لە زۆرترین ئاست زیاترە كە لەلایەن تەندروستی جیهانیەوە دیاری كراوە.
دەزگای بەرپرسی چاودێریی كوالیتی بەرگەهەوا رۆژی دووشەممە رایگەیاند: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاران تەنیا نۆ رۆژ هەوای پاكی بەخۆیەوە بینیوەو بەپێی میدیا ئێرانییەكانیش ساڵانە نزیكەی 40 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لە سەرتاسەری ئێران بۆ پیسبونی هەوا دەگەڕێتەوە.
ژمارەیەكی زۆر لە شارەزایان ئاماژە بە تێچوی زۆری تەندروستی و ئابوریی بەركەوتن بە تەنۆلكە وردەكان دەكەن كە دەبێتە هۆی مردنی پێشوەختە، لەڕاپۆرتێكی بانكی نێودەوڵەتیدا ئۆتۆمبێلی قورس و ماتۆڕسكیل و پاڵاوگەی نەوت و وێستگەی كارەبای گەرمی وەك هۆكاری سەرەكی پیسبون هێناوەتەوە.
ئەم پرسە یەكێكە لەو پرسانەی كە لە لوتكەی كەشوهەوای COP28 هاتە ئاراوە كە ئێستا لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، بەڵام ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە بەشداریكردنی ئیسرائیل لەو كۆبونەوەیەدا ناڕەزایی دەربڕیوە.

پەیوەندیدار