دواى ئهوهى ههواڵى دورخستنهوهى لهپۆستهكهى لهلایهن قائیمقامى چهمچهماڵهوه بڵاوبۆوه، بهڕێوهبهرى تهندروستى چهمچهماڵ هاتهدهنگو ڕایدهگهیهنێت، “وامزانى گەر تاوان کەشف بکەم ڕێزم لێدەگرن، کەچى دەریانکردم”.
د. فەرهاد محەمەد، لە رونکردنەوەیەکیدا کە لە لاپەڕەى تایبەتى خۆى بڵاویکردوەتەوە نوسیویەتى:” داوام لێدەکرێت هۆکارى بەزۆر دەستلەکارکێشانەوەم ئاشکرا بکەم، لەگەڵ ئەوەى پێشتر دوو جار داواى دەستلەکارکێشانەوەم کردبو، بەڵام پەسەند نەکرابو.
دەڵێت: ئەوەى لەگەڵ هاوڕێکانمان و لەماوەى دەستبەکاربونمان بۆ تەندروستى چەمچەماڵمان کردوە بە درێژایی رابردوى ئەم سێکتەر و شارەکەش نەکراوە، دەشڵێت: سودى چییە قسەکردن لەکاتێکدا هەمو خەڵکى کوردستان و چەمچەماڵ زانیان حەوزى سەرەکى ئاوى خواردنەوە حەوت ساڵە پاک نەکراوەتەوە، لەسەرى هاتومەتە دەنگ بەڵام دەریان کردم.
ئەو بێهیوایی خۆى لە دۆخەکە دەردەبڕێت و دەڵێت: سودى چییە گەر هەمو خەڵکى چەمچەماڵ ئاگادار بکەمەوە کە سەربڕخانەکانیان لە زبڵدان پیسترە و هیچ مەرجێکى تەندروستیان تێدا نییە.
لە بەشێکى قسەکانیدا باس لە بێدەنگى بەڕێوەبەر و فەرمانگە و بەرپرسە حیزبییەکان و نوسەر و رۆژنامەنوسان دەکات و نوسیویەتى: ویستم ئەمجارە وەک ئەوان دەست بە کڵاوەکەمەوە بگرم با نەیبات و شار بۆ هەتاهەتایە جێبێڵم و خەریکى ژیانى تایبەتى خۆم بم.
لە نوسینەکەیدا ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە تەنها چەمچەماڵ هێندەى فەرەنسا و ئەڵمانیا سامانى سروشتى هەیە کەچى 15 رۆژ جارێک ئاوى خواردنەوەیان پێدەدرێت و ئەو ئاوەش حەوت ساڵە لەناو زبڵداندا گلدەدرێتەوە، دەپرێت: سودى چییە ئاگاداریان بکەمەوە؟
ئەو جەخت لە قسەکانى دەکاتەوە و دەڵێت: وا ئاگادارتان دەکەمەوە حەوت ساڵە حەوزى ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵ پاک نەکراوەتەوە و سەربڕخانەکانى شارەکە مەرجى تەندروستیان تێدا نییە، دەڵێت: وامزانى ئەگەر تاوان کەشف بکەم رێزم دەگرن، کەچى دەریانکردم.
ئەو باس لەو خزمەتانەش دەکات کە بە شارەکەى گەیاندوە و بێئومێدانە نوسیویەتى:” وامزانی ئەگەر تاقیگەی ناوەندی و سەنتەری گورچیلەی دەستکرد و سەنتەری پسپۆڕی ددان و سەنتەری فریاکەوتن وخودەج و پزیشکی دادوەری ودەیان هۆبە و بەش و هۆڵی منداڵبون و دو نەخۆشخانە و سەدان ئامیری پزیشکی و ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی دەرمان و ئیسعاف و بەبڕی هەشت ملیار دینار کەلوپەل لەم قەیرانەدا بۆ ئەم تەندروستی ئەم شارە بکڕم، پەیکەری ڕیزلێنانم بۆ دروست دەکەن و مندڵەکانم شانازی بە پەیکەرەکەی باوکیانەوە دەکەن کەچی لەبەر خاتری خاترداران کە خانویان لەسەر حەوزی ئاوخواردنەوەی شارەکە دروستکردبو، دەریان کردم.
لە بەشێکى دیکەى نوسینەکەیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە ئێستا داواکارى گشتى ئەم نوسینانە دەبینێت و دەزانێت بەهۆى کەسێکەوە ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵ پاک نەکراوەتەوە، دەپرسێت:”بزانم لەسەرى یەتە دەنگ.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە مانگى ئەیلولى ئەمساڵ و لە ئاگادارییەکدا کە ئاڕاستەى قائیمقامیەتى قەزاى چەمچەماڵى کردوە، بەڕێوەبەرى تەندروستى چەمچەماڵ هۆشدارى دەدات کە بە هێواشى خەڵکى چەمچەماڵ جینۆساید دەکرێن و سەرچاوى ئاوى خواردنەوە بەهۆى کەسێکەوە رێگرى لە پاککردنەوەى دەکرێت و ئەو ئاوەى دەدرێتەوە هاوڵاتییان پیسە و شیاوى خواردنەوە نییە.
