ڤلادیمێر پوتن كاندید بوونەوەی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی روسیا راگەیاند، كە وابڕایارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
ئاژانسى “تاس”ـى روسى بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى روسیا رایگەیاندووە، خۆى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی 2024 کاندید دەکاتەوە و ئامادەكارییەكانیش بۆ ئەو بابەتە دەستیان پێكردووە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشكردوە، پوتین ئەم هەواڵەى لەمیانى رێوڕەسمێکدا لە کۆشکى کرێملین راگەیاند کە بۆ رێزلێنان لەو سەربازانە رێکخرابوو بەشدارییان لە جەنگى ئۆکرایندا کردووە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ئەنجومەنى فیدراڵى کە باڵاترین ژوورى پەرلەمانى روسیایە، لە کۆبوونەوەیەکدا 17ـى ئازارى 2024ـى وەکو رۆژى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیی روسیا دیاریکرد.
پوتین لەگەڵ ئەوەى نزیکەى چارەکە سەدەیەکە لە دەسەڵاتدایە، بەڵام تائێستا لەنێوخۆى روسیادا پشتیوانییەکى فراوانى لێدەکرێت و پێشبینی دەكرێت بۆ خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێتەوە.