لە 12ی کانوونی یەکەمی 2023 دا،حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە شانازییەوە یادی 38 ساڵەی دامەزرانی دەکاتەوە، 38 ساڵە لە چوارچێوەی هێلە نیشتمانییەکاندا، شێلگیرانە داکۆکی لە مافی دیاریکردنی چارەنووس، لە ماف و داخوازییەکانی خەڵک و بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات . لەو بۆنە مێژووییەدا، سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، سڵاو لە خانەوادە سەربەرزەکانیان، سڵاو لە گیانی بەرەنگاریی گەلەكەمان.
لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، جیهان لە بەردەم وەرچەرخان دایە، شەڕ و لێکەوتەکانی شەڕ لە ئەوروپا و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارتێکردنی لەسەر ئاراستەی ململانێکان لە ئێستا و داهاتوودا هەیە، وڵاتان بە هەموو تواناکانیانەوە هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکانیان دابین بکەن، لەو نێوەدا هەرێمی کوردستان لە لایەک گیرۆدەی کێشە نێوخۆییەکانی خۆیەتی لە لایەکی دیکەشەوە کێشەکانی لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتدارانی بەغدا قووڵتر دەبنەوە. لە جیاتی ئەوەی لە نێوەخۆی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە سیستەم و لە شێوازی حوکمڕانی، دابین کردنی مووچە، چارەکردنی بێکاری لە پێشەوەی کارنامە و بەرنامەی ئیئتیلافی دەسەڵاتدار بێ، لە جیاتی ئەوەی کێشەکانی هەرێم بە گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵک لە هەرێم چارە بکرێن، کێشەکانی هەرێمیش بردرانە بەغدا و ململانێی حزبی زەقتر کرایەوە.
هاوکات کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا قووڵتر بۆتەوە ، جگە لەوەی ڕێکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت پیادە نەکرا، حکومەتی عێراق بە پێچەوانەی دەستوور، بەپێی سیاسەتێکی نەخشە بۆ کێشراو کار بۆ لاوازکردنی کیانی هەرێمی کوردستان دەکات، پەرەسەندنی ئەو سیاسەتە لە لایەک و لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک و کێشەی مووچە و فراوانبوونی مەودای لێکترازانی سیاسی، هەرێمی کوردستان بە ڕەوشێکی ناهەموار و مەترسیدار تێپەڕ دەبێت، بەرپرسیارێتی بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە لە ئەستۆی لایەنە بڕیار بەدەستەکانی کوردستان دایە. حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی خۆی و درککردن بە هەستیاریی قۆناخەکە، بانگ لە لایەنە سیاسییەكان و خەڵکی وڵاتپارێز دەکات، مەترسییەکانی سەر هەرێم بە جددی وەربگرن و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، دەست بە دایەلۆگێکی کوردستانی بنیاتنەرانە بکەن، کە هەم دەستەبەری یەکڕیزیی کوردستانی بکات و هەم دەستەبەری یەکگوتاری و گرتنەبەری ئاراستەیەکی سیاسی بکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و خەڵکی کوردستان، لە نێوەخۆی هەرێمیش دەبێ پەلە بکرێت لە :
- دابین کردنی مووچەی مانگانە لە کاتی خۆی.
- بە دەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک و بە هەند وەرگرتنی داواکاری مامۆستایانی ناڕازی.
- ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراو.
- دەستەبەرکردنی سەربەخۆیی قەزا و کارکردن بە بنەماکانی حوکمرانی باش.
- پەلەکردن لە چاكسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزی چەکدار لە کوردستان.
- نابێ لە هەرێم پاشەکشە لە ئازادی و لە دەستکەوتە دیموکراسییەکان بکرێ و پرسی دیموکراسی بە بەرژەوەندیی حزبە سیاسییەکانەوە گرێ بدرێ.
- کارکردن بۆ بەهێزکردنی متمانە و گیانی بەرەنگاریی گەلەکەمان و نەهێشتنی نابەرابەری کۆمەڵایەتی و دابین کردنی کار و ژیانێکی شەرافەتمەندانە.
هاوکات لەگەڵ ئەم یادەدا هەڵمەتی جیهانی دژ بە تووندوتیژی دژ بە ژنان بەڕێوەدەچێت و لە 10ی كانوونی یەكەمیش، جیهان یادی (75) ساڵەی جاڕی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ دەكاتەوە، هەر لەو پێوەندەدا دەبێ لە کوردستان ڕێز لە بنەماكانی مافی مرۆڤ، ئازادییە بنچینەییەكان، ئازادی ڕادەربڕین و مانگرتن و خۆپیشاندان و پڕەنسیپی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاو بگیرێت و سنوورێک بۆ کوشتن و تووندوتیژی دژ بە ژنان دابنرێت.
مەكتەبی سیاسی
حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
10 ی کانوونی یەکەمی2023