سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەیسی گەندەڵی زیادیکردووە، بەجۆرێک، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا هەزار و 10 کەیسی گەندەڵی لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، 897 کەیسی گەندەڵی لە نزیکی پێنج ساڵی ڕابردوودا ڕەوانەی دادگاکان کراون و 148 تاوانبار سزادراون و 23 تاوانباریش سزاکەیان ڕاگیراوە بۆ ماوەی سێ ساڵ کە ئەگەر لەو ماوەیەدا هیچ تاوانێکی دیکە ئەنجامنەدات، ئەوا سزا نادرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەمساڵدا تا ئێستا هەزار و 10 کەیس لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و 230 کەیس ڕەوانەی دادگاکان کراون و بەمەش ژمارەی کەیسەکان بەرزبووەتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر ئەوەشی خستە ڕوو، لەناو تاوانبارەکاندا چەندین وەزیری پێشوو و بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی تێدایە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم ئەوەشی ئاشکراکرد، دواکەوتنی کەیسەکان لە دادگاکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دادگایەکی تەرخانکراو بۆ کەیسەکانی گەندەڵی.