سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی نوێدا پلانیان هەیە سەرجەم پرۆژە تەواونەکراوەکانی عێراق تەواوبکەن و دروشمی حکومەتەکەی لە ساڵی نوێدا تەواوکردنی پرۆژەکان دەبێت.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوە کردووە، سودانی ئەمڕۆ لەگەڵ تیمی ئەندازیاران و خزمەتگوزاری لە حکومەت کۆبووتەوە و باسیان لەو پرۆژانە کردووە کە لە ساڵی 2022 و 2023ـدا ئەنجامدراون.
لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا راپۆرتێکی گشتگیر لەبارەی پرۆژەکان و پێشکەوتنی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە و بەدواداچوون بۆ رێکارە پێویستییەکان کراوە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانەی کە تەواونەکراون.
باس لەوەش کراوە، سودانی جەختی کردووتەوە، پێویستە هەموو بەربەستەکان لەبەردەم تەواوکردنی ئەو پرۆژانەدا لاببرێت و بە تێچوویەکی گونجاو و کوالێتییەکی باش سەرجەمیان تەواو بکرێن.
ئەوەش خراوەتە روو، لە ساڵی 2024دا پلانیان هەیە سەرجەم پرۆژە تەواونەکراوەکانی عێراق تەواوبکە و دروشمی حکومەتەکەی سودانی لە ساڵی نوێدا تەواوکردنی پرۆژەکان دەبێت.