بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا رایدەگەیەنێت، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئیستا لە سلێمانى نزیکەى سێ هەزار حاڵەتى توشبووى نوێى شێرپەنجە تۆمارکراوە و ئاستى چاکبوونەوەش ستانداردە.
شێرپەنجە یەکێکە لەو نەخۆشیانەی کە هۆکارێکی سەرەکی مردنی مرۆڤە لە جیهاندا، بەڵام دەتوانرێت رێگا لە تەشەنەکردنی بگیرێت، ئەگەر زوو پشکنینی بۆ ئەنجام بدرێت، بەشێوەیەکی گشتیش شێرپەنجە چەند جۆرێکی هەیە، بەڵام مەترسیدارترینیان، شێرپەنجەی پەنکریاس، شێرپەنجەی کۆڵۆن، شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی مێشک، شێرپەنجەی سییەکان.
د. یاد نەقشبەندى بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى هیوا رایگەیاند، بەپێى ئامارێکى نەخۆشخانەى هیوا لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا لە سلێمانى دوو هەزار و 90 حاڵەتى توشبووى نوێى شێرپەنجە بە سەرجەم جۆرەکانییەوە تۆمار کراون و ئاستى چاکبونەوەش لە نەخۆشخانەکە لە ئاستى ستانداردایە.
وتیشى، رۆژانە نزیکەى 700 بۆ 800 کەس سەردانى نەخۆشخانەى هیوا دەکەن کە ئەوانە لەجۆرى بەدواداچوون و ئەنجامدانى پشکنین و وەرگرتنى چارەسەر خۆى دەبینێتەوە، لە 99% حاڵەتەکانى شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکومییەکان چارەسەر وەردەگرن، توانراوە ئاستى خزمەتگوزاریان بە شێوەیەک بێت نەخۆش لە ناوەڕاست و خوارى عێراق و ناوچەکانى دیکە سەردانى نەخۆشخانەکە بکەن.
بەوتەى نەقشبەندى، هەرچەندە ئامارەکانى توشبوون زۆرن، بەڵام ئەوە بە واتاى ترس و دڵەڕاوکێ نایەت لەناو هاوڵاتیاندا بێگومان ئەگەر سەیرى ئەو ژمارەیە بکەیت دەبێت بەراوردى بکەیت بەوانەى چاک بوونەتەوە و چەندیان لە ژێر چاودێرى پزیشکیدان و چەندیان لەچارەسەر بەردەوامن.
لەبارەى داهاتى سندوقى شێرپەنجە ئاماژەى بەوەکرد، داهاتى سندوقى شێرپەنجە بە خراپترین دۆخدا تێپەڕێوە، ئەو یاسایەش کە بۆ سندوقەکە دانراوە بەداخەوە دە ساڵ زیاترە هەموار نەکراوەتەوە، پلانیان بۆ ساڵى داهاتوو ئەوەیە دەبێت گۆڕانکارى لە یاساکەدا بکرێت و هەموار بکرێتەوە.