ڕۆژی ٥شەممە٢٠٢٣/١٢/٢٨ لەئۆفیسی کەنەکە لەشاری هەولێر، نوێنەرایەتی باشور کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجامدا، تێیدا دوای دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و شەهید دەنیز جەودت، پیرۆزبایی ساڵی نوێ لەتەواوی کوردستانیان، ئەم خاڵانە بابەتی کۆبوونەوەکە بوون:
١-ململانێ و کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد بەجۆرێکە، قوت و موچەی هاوڵاتیان کراوەتە قوربانی و ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر ژیان و پەروەردە دروستکردوە، بۆیە ئەرکی هەردوو حکومەتە ژیان و خزمەتگوزاری هاوڵاتیان دابینبکەن و نەیکەنە قوربانی ململانێ و کێشەکانی نێوانیان وهەرچی زووە لەبەرژەوەندی خەڵک کێشەکان چارەسەربکەن.
٢-شێوازی خراپی حوکمڕانی ومۆدێلی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێکە مەترسی لەسەرقەوارەی سیاسی هەرێم و پێگەی کورد دروستکردوە، ئەمەش لەئەنجامی پەرتەوازەیی سیاسی و نەبوونی یەکێتیەکی نەتەوەیی، بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا ئەم کێماسیە زیاتر دەرکەوت، هەر بۆیە تەنیا چارسەر یەکبوون و پێکەوەیی لایەنە کوردییەکانە تابتوانن قەوارەی هەرێم بپارێزن و لەکەرکوکیش بەهاوپەیمانی و شەراکەتی ڕاستەقینە، لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکە، پۆستی پارێزگار بۆکورد یەکلایی بکەنەوەو خزمەتی شارەکەوخەڵکەکەی وناسنامە کوردستانییەکەی بکەن.
٣-شەڕ و داگیرکاری دەوڵەتانی ناوچەکە بە گشتی و تورکیا بەتایبەتی، گەشتۆتە تاوانی جەنگ، لە باشوور بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە شکستخواردووەکانی و لە ڕۆژئاوای کوردستان، وێرای گۆڕێینی دیمۆگرافیای ناوچەکە، دامودەزگا مەدەنیی و خزمەتگوزارییەکان و خەڵکی سڤیلی کردۆتە ئامانج، ئەرکی هەموو تاکێکی کورد و پارتی سیاسی و میدیا و ئازادیخوازانە خاوەندارێتی ڕۆژئاواو خەباتی پارچەکانی نیشتمان و پشتگیری (كەمپینی نێودەولەڵەتی ئازادی بەرێز عبداللە ئۆجەلان) بن و وهەڵمەتی پشتیوانی و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.
٤-هەڵسەنگاندنی دۆخی ڕێکخراوەیی و کاروچالاکی و پلانسازی ئایندەی کۆمسێۆن و کۆمیتەکان چۆن و چی بکەین؟
٥-تایبەت بەو هێرش و پلانانەی سەر کەنەکەو کەیسی تیرۆری شەهید دەنیز جەودەت، کە ٢٠٢٣/٩/١٨ لەناو ئۆفیسی کەنەکە لەشاری هەولێر تیرۆرکرا، وەک سەرەتاش ڕامانگەیاند، ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێرە، لێدوانی فەرمی لەبارەی کەیسکەوە بدەن و بۆ ڕای گشتی ڕوونیبکەنەوە، تائەو کاتەشی ئاشکرا دەبێت، لەڕووی یاساییەوە ئەوان بەرپرسن و دەبێت ئەو کەیسە عادیلانە بەئەنجام بگات، بەپێچەوانەوە کەیسی شەهید دەنیز بەزیندووی دەمێنێتەوەو لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر دەکەین.
نوێنەرایەتی باشوری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
٢٠٢٣/١٢/٢٨