حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى هێرشەکەى شەوى رابردوى شارى هەولێر رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت؛ هێرشەکە تیرۆریستییە و حکومەتى فیدراڵیش بە بەرپرس لەو هێرشانە ناودەبات.
پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەنراوێکدا تایبەت بە هێرشەکەى شەوى رابردوى سەر شارى هەولێر رایگەیاند؛ شەوی رابردو کاتژمێر 11:45 خولەک بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر، کە خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە ئەم هێرشە تیرۆریستییە لە لایەن هێزێکی لە یاسادەرچو بە چاوساخی و هاوکاریی جاش و هاوکارەکانیان بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە مەترسیدار و شەڕ فرۆشتنە.
حکومەتى هەرێمی کوردستان حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرسی ئەم هێرشانە ناودەبات و دەڵێت: ئەم گروپە لە یاسادەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکان.
دەشڵێت: حکومەتی عێراق بێ دەنگ و بێ توانایە بەرامبەر ئەم گروپانە، بەڵام ئازایە لە بڕینی قوتی خەڵکی کوردستان و بە هەمان پارە ئەم گروپانە پارەدار دەکرێن.
لە کۆتاییدا داوا دەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامی بۆ ئەم هێرشانە هەبێت و رایدەگەیەنێت؛ پێویستە هەنگاوى کردارى بنێت بۆ سزادانی ئەم گروپانە و هەر وەڵامدانەوەیەکیش لە کات و ساتی گونجاودا بە مافی خۆمان دەزانین.