نەخۆشی شەکرەت هەیە، ئایا چارەسەر چییە؟
نەخۆشی شەکرە، واتە تێکچونی میتابۆلیزمی شەکر لە لەشدا، لە نەخۆشی شەکرەدا ڕێژەی شەکری خوێن بە گشتیی بەرزتر دەبێت لە ڕێژەی ئاسایی، ئەمەش لە ماوەی کورتخایەندا ناڕەحەتی دروست دەکات بۆ نەخۆشەکە، وە لە ماوەی درێژخایەنیشدا نەخۆشیی تر بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەگەر بتوانی گۆڕانکاری بکەیت لە شێوەی ژیانتدا، ئەوا دەتوانی بەرەوپێشچونی نەخۆشی شەکرە دوابخەیت و مەترسی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە شەکرە کەم بکەیتەوە.
رەچاوی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە بکە:
١ـ كێشت کەم بکەرەوە، یان لە ئاستێکدا ڕایبگرە، کێشی ئاسایی مەرجێکی گرنگە بۆ میتابۆلیزمی ئاسایی لەش، لەبەر ئەوە کێشت بە ئاسایی بهێڵەرەوە یان ئەگەر کێشت زیاد بوو دایبەزێنە، لە کەسی قەڵەودا دابەزاندنی کێش دەبێتە هۆی باشبوونی بەرچاوی ڕێژەی شەکر لە خوێندا.
٢ـ کاربۆهیدرات (نیشاستە)ی گونجاو هەڵبژێرە بە بڕی گونجاو
لە کاتی خواردنی کاربۆهیدراتدا (بۆ نمونە نان، مەعکەرۆنی، کێك، شەکر، شیرینی) ڕێژەی شەکر لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە پێی جۆری کاربۆهیدراتەکە کاریگەری جیاوازی دەبێت، دانەوێڵەی تەواو هەڵبژێرە (بۆ نمونە نان بە کەپەکەوە، برنج و مەعکەرۆنی قاوەیی کە بەرگی دەرەوەی یان کەپەکەکەی تێدا ماوە) وە هەروەها خۆراکێك هەڵبژێرە کە شەکری تێنەکراوە، وە دوور کەوەرەوە لەو بەرهەمانەی کە شیرینن، وە بڕی ژەمە خۆراکەکانت زۆر نەبێت.
٣ـ زیاتر ئەو خۆراکانە هەڵبژێرە کە دەوڵەمەندن بە ڕیشاڵی خۆراکی،
ڕیشاڵە خۆراکییەکان ڕێگە دەگرن لە بەرزبوونەوەی خێرای شەکری خوێن، ریشاڵەکان لە خواردنەکانتدا زیاد بکە، ئەمەش بەوە دەبێت کە ڕۆژانە بەروبومی دانەوێڵەی تەواو (بە کەپەکەوە)، وە سەوزە و میوەی تازە بخۆیت.
٤ـ سەوزە و میوە بخۆ، چێژ وەرگرە ڕۆژانە لە ٣ بەش سەوزە و زەڵاتە، ئەمانە ڤیتامینە گرنگەکان، کانزاکان، ڕیشاڵە خۆراکیەکان دەبەخشن، وە لە هەمان کاتیشدا وزەیان کەمە (نابنە هۆی زیادبوونی کێش)
هەروەها میوەش ئەم ماددە بەسوودانەیان تێدایە، بەڵام شەکری میوەشیان تێدایە (ڕێژەی شەکرەکە بە پێی جۆری میوەکە دەگۆڕرێت)، پێشنیار دەکرێت کە رۆژی ٢ بەش میوە بخورێت.
٥ـ بە بڕی مامناوەند، بەڵام لە کاتی دیاریکراودا نان بخۆ، خواردن بە ڕێکوپێکی لە کاتی دیاریکراودا، ڕێ لە بەرزبوون و نزمبوونەوەی گەورەی ڕێژەی شەکری خوێن دەگرێت.
وە ئاگاداری ئەوەشبە، کە خواردنەکان تێر چەوری و تێر شەکر نەبن.
٦- شلەمەنی زۆر بخۆرەوە، ڕۆژانە لیتر و نیوێك بخۆرەوە، باشترین شلەمەنی ئاو وە هەروەها چای گیایی و چای میوەی بێ شەکرە.
قاوە وە هەروەها چای ڕەش و سەوز وەکو تینوێتی شکێن زۆر گونجاو نین. بەڵام لە کەسی گەورەدا کێشە نیە ئەگەر بە ڕێژەی مامناوەند ٣-٤ کوپ ڕۆژانە بخورێتەوە، ئەو خواردنەوانەی کە شەکریان تێدایە وە کحول بەرزبوون و نزم بوونەوەی گەورەی ڕێژەی شەکری خوێن دروست دەکەن، بۆیە پێویستە لێی دوورکەویتەوە.
٧- هەست بە جەستەی خۆت بکە، برسیتە؟ ئیشتیهای خواردنت هەیە؟ کەی تێر ئەبیت؟ هەوڵ بدە کە هەست بە جەستەی خۆت بکەی. بخۆ کاتێك کە برسیتە، وە کە تێر بووی دەست هەڵگرە (زیاتر مەخۆ!).
٨- جوڵەی زیاترت هەبێت، جگە لەو خاڵانەی باسکرا دەتوانیت لە ڕێی جوڵەشەوە کاریگەریت لەسەر ڕێژەی شەکری خوێن هەبێت. هەوڵ بدە ڕۆژانە جوڵەی زیاترت هەبێت، سەرەڕای کاریگەری لەسەر شەکر، جوڵەی ڕۆژانە کێشت وەکو خۆی دەهێڵێتەوە، یان دایدەبەزێنێت. بۆیە هەر هەنگاوێك بەرەو چالاکی زیاتر سودت پێدەگەیەنێت.
د. هاوژین شەماڵ
پسپۆڕی خۆراك لە كلینیكی خۆراكی نەخۆشخانەی بەخشین