بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ھەرێم تەمەنی خانەنشینی و موچەی کرێکارانی دیاریکرد و دەڵێت، نابێت مووچەی کرێکار لە ٣٥٠ ھەزار دینار کەمتر بێت.
مەریوان بەگۆک عەزیز بەڕێوەبەری گشتیی کارو دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، لە ئێستادا ١٤٤ ھەزار و ٩٣٠ کرێکار ناویان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراوە و بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ژمارە ٣٩ی ١٩٧١ و یاسای کاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ پارێزگاری لە مافی کرێکاران دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ھەر خاوەن پرۆژەیەک کرێکارەکانی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بنێرێت تاوەکو خۆیان دەستەبەر بکەن.
وتیشی، لەو دەستەبەرەدا، ٥٪ی مووچەی کرێکار و ١٢٪ی داھاتی خاوەن پرۆژە دەخرێتە سەر سندوقی خانەنشینی و دوای ئەوەی کرێکارەکە خانەنشین بوو، خانەنشینییەکەی پێ دەدرێت.
دەشڵێت، بەپێی یاسا تەمەنی خانەنشینی پیاوان پێویستە کەسەکە تەمەنی گەیشتبێتە ٦٠ ساڵ بێت و ھەروەھا دەبێت ٢٠ ساڵ خزمەتی ھەبێت، بۆ ژنانیش دەبێت تەمەنی ٥٥ ساڵ بێت و ٢٠ ساڵیش خزمەتی ھەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جگە لە پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، نابێت مووچەی کرێکار لە ٣٥٠ ھەزار دینار کەمتر بێت.