ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و لیژنەی دادگای پاراستنی پەیمانی كۆمەڵایەتی دادەمەزرێنێت.
ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی كە پێشتر ئەنجومەنی یاسادانان بوو سەر بەئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان لەیەكەم كۆبوونەوەیدا حەوت بڕیاری دەكرد كە گرنگترینیان دامەزراندنی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە كە لە 20 ئەندام پێكدێت لەگەڵ پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئامادەكردنی یاسای كۆمسیۆن، هەروەها پێكهێنانی لیژنەی دادگای پاراستنی پەیمانی كۆمەڵایەتی كە لە 8 بۆ 10 كەس پێكدێت.
بەشێكی تری بڕیارەكانی ئەنجومەنی گەلی دیموكراتی دەركردنی یاسای شارەوانییەكان دەبێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، هەروەها ئامادەكردنی رەشنوسی یاسای دادگای پاراستنی پەیمانی كۆمەڵایەتی جگە لەوانەش پێكهێنانی دامەزراوەی گشتی دارایی و ژمێریاری.
ئەنجومەنەكە كاتی جێبەجێكردنی سەرجەم بڕیارەكانیشی دیاریكردوە كە دەبێت لەماوەی ١٥ رۆژدا جێبەجێ بكرێن.