ڕێبەری ڕەوتی سەدر بڵاوی كردەوە، ڕەتیكردەوە بگەڕێتەوە نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دژایەتی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە وڵات دەكات، دەشڵێت، حكومەت بەردەوامە لە شكست و ژێردەستەیی و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ داگیركەران.
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لەبارەی دووبارە گەڕانەوەی بۆ ناو پرۆسەی سیاسی و كارەكانی حكومەتی ئێستا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئامادە نییە دووبارە بەشداریی پرۆسەی سیاسی لە عێراق بكات، بە توندی دژایەتی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە وڵات دەكات.
موقتەدا سەدر حكومەتی ئێستای عێراقی بە گەندەڵ ناو برد، دەشڵێت، بەردەوام لە شكست و دواكەوتن و ژێردەستەییدایە، هەروەها بڵاوبوونەوەی تیرۆری میلیشیایی و وازهێنان لە مافى وڵات و دەست تێكەڵكردن لەگەڵ داگیركەران زیاتر بووە.
لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، هەموو لایەنەكان یان گەندەڵن یان هاوپەیمانن لەگەڵ گەندەڵكاران، تەنانەت ئەوانەی، كە ماوەیەك پێش ئێستا داوای چاكسازییان كردووە یان هاوپەیمانی چاكسازیی بوون.