خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها: كچەكەمان تیرۆر كراوە

ده‌قى به‌یاننامه‌كه‌

بەیاننامەیەک لە لایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان تەها
بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان
تەواوی دەزگاکانی راگەیاندن لە کوردستان
هەروەک هەموو لایەک ئاگادارن لەبەرواری 26/10/2023 هەواڵی گیان لەدەستدانی مامۆستا جیهان تەهای دانیشتووی هەولێر لە کوردستانی عێراق بڵاوکرایەوە بە رووداوێکی هاتوچۆی گوماناوی ، هاوکات لە فەیسبووکەکەی چەندین پۆستی نامۆ کرابوو کە ئاماژەی بەوە دەکرد کە خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت.
هەرلەسەرەتاوە ئەم رووداوە لەلایەن خەڵکی کوردستان، دەزگاکانی راگەیاندن، رۆژنامەنووسان، ئازادیخوازان، چالاکوانان بەکاری تیرۆر لەلایەن دەسەڵاتەوە لێکدرایەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی لە ساڵانی رابردوو رووداوەکانی تیرۆرکردن، گرتن، لێدان و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان لە سنووری هەولێر و بادینان بەتایبەت بەردەوام هەبووە. بەجۆرێک کە ئازادی رادەربڕین ، رەخنەگرتن لە دەسەڵات و حکومەت و بەرپرسان هەروەها چالاکی و خۆپێشاندان بۆ داواکردنی ماف بەهەموو شێوەیەک سنووردار و قەدەغەکراو بووە. بۆ نمونە رفاندن و تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان ، تیرۆرکردنی وەدات حسێن ، تیرۆرکردنی مامۆستا مەلا هۆشیار ئیسماعیل ، زیندانی کردنی شێروان شێروانی ، گوهدار زێباری و قارەمان شوکری و تەواوی زیندانیانی تری بادینان. لەم دواییانەش رێگریکردن لە چالاکی و خۆپێشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان لە سنووری هەولێر دەستگیرکردنی عەلی رەئوف نوێنەرێکی تری وانەبێژان بەچەند هەفتەیەک دوای رووداوی تیرۆرکردنەکەی مامۆستا جیهان بەبیانووی ئەوەی بانگەوازی خۆپێشاندانی کردبوو .
ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆپێشاندانی وانەبێژان و مامۆستایان لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری کە لە ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی ترە نزیکەی چوار مانگە بەردەوامی هەیە و هیچ رێگریەک لە خەڵک نەکراوە.
شایەنی ئاماژەپێکردنە کە مامۆستا جیهان تەها کە لە هەولێر دەژی لەماوەی رابردوو لە سێ چاوپێکەوتن دەرکەوتوە کە رەخنەی تووندی لە دەسەڵات و وەزارەتی پەروەردە گرتووە لە کەمتەرخەمی و بەداوانەچوونی داواکاریەکانی وانەبێژان.
لەبەرئەم هۆکارانەیە کە لە تاوانی تیرۆرکردنی مامۆستا جیهان تەها دەسەڵاتی کوردی لە سنووری هەولێر و بادینان بەپلەی یەکەم تۆمەتبارە لەلایەن خانەوادەی مامۆستا جیهان و خەڵکی کوردستان و تەواوی ئازادیخوازانی کورد لەسەرانسەری جیهان.
هەندێ لەو بەڵگانەی کەدەیسەلمێنن کە مامۆستا جیهان تیرۆرکراوە:

  1. جیهان شۆفێرێکی باش نییە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و بەتایبەتیش چوون بۆ دەرەوەی شار، بەجۆرێک لەماوەی ژیانی بەهیچ شێوەیەک بۆ جارێکیش نەچۆتە دەرەوەی شار ، کۆتاجار لەگەڵ دایکی چوون بۆ کەرکوک بەتەکسی چونکە نەیتوانیوە شۆفێری بکات بۆ دەرەوەی شار، وە ئەو رێگایەی کە جیهان پێیگەیەنراوە، رێگایەکی سەخت و دژوار و یەک سایدە ، پێچانەوە و شاخ و داخێکی زۆری تێدایە. تەنانەت بەڵگە هەیە بۆ ئەوەی کەپێشتر شوێنی رووداوەکە ئامادەکرابێت بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
    بۆ بڕیاری خۆ کوشتن بۆچی پێویستە مرۆڤ ئەو رێگا سەخت و دژوارە بگرێتەبەر کە پێشووتر هەرگیز شۆفێری تێدا نەکردبێت بۆی نەڕۆیشتبێ لەکاتێک دا دەیتوانی هەر لەماڵەکەی خۆی لە هەولێر ئەو کارە ئەنجام بدات یان چەندەها رێگەی تری ئاسانتر بەکاربێنێت.
  2. جیهان ئەو رۆژە کە تیایدا تیرۆرکراوە زۆر بەئاسایی و بە رێکوپێکی بەرنامەی رۆژەکەی خۆی کردووە. بۆ نموونە دەوامی خوێندنگا، وەرگرتنی مووچە، بازاڕیکردن، پەیوندی لەگەڵ کەسوکار و دۆست و هاوڕێ، پێدانی چەندین بەڵێنی یەکتربینین و ئەنجامدانی هەندێك کاری گرنگ و پێویست لە رۆژەکانی دواتر دا .هەر لەهەمان رۆژ کاتژمێر 2:06 ی دوانیوەڕۆ پەیوەندی لەگەڵ برایەکەی هەبووە و بەڵێنی جێبەجێکردنی کارێکی پێداوە ، دەنگی زۆر ئاسایی دەرکەوتووە، بەڵام لە کاتژمێر 4:10 ی عەسر لەگەڵ ئەندامێکی تری خێزانەکەمان دەنگی نووساوە و لەرزینێکی زۆری پێوە دیارە بەجۆرێک کە وادەردەکەوێت لە ژێر هەڕەشەو فشار قسەدەکات.
  3. بۆ ئۆتۆمبێلێکی هێندە بچووکی مامۆستا جیهان مەحاڵە ئاگرێکی لەو چەشنە کە بەئەندازەی چوار مەتر بەرزدەبێتەوە هەروەک لەوێنە و ڤیدیۆیەکان دا دەردەکەوێت. هەروەها وەرگەڕانێکی زۆر ئاسایی کە تەنها یەک جار وەرگەڕاوە و تەنانەت وا گومان دەکرێت کە ئۆتۆمبێلەکە هەر بەدەست وەرگەڕابێت و پاشان سووتێنرابێت.
  4. لەهەمووی سەیرتر شوێنی رووداوەکەیە کە دەکەوێتە بلە و بارزان، ئێمە و هەموو خەڵکی کوردستان و تەنانەت خەڵکی بیانیش دەزانین کە ئەو ناوچەیە لەلایەن لایەنێکی دەسەڵات کە لە لوتکەکانی حوکمڕانیدان تەواو کۆنتڕۆڵکراوە و کەس و کاریان لەو دەڤەرە ژیان دەکەن.
    نەخۆشخانە و دادگا و بنکەی پۆلیس و تەواوی کەل و پەلەکانی مامۆستا جیهان کەپەیوەندی بە رووداوەکەوە هەیە هەمووی لەژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی ئەو ناوچەیە.
  5. ئێمە ئاگادارین و بەڵگەشمان هەیە کە لایەنی دەسەڵات بە بیانووی لێکۆڵینەوە چەندین جار هاتونەتە نێو ئەکاونتی فەیسبووکی جیهان و تەواوی بەرنامەکانی تری تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی مامۆستا جیهان لە ژێردەسەڵاتی ئەوانە و بەکاریانهێناوە. وە دەڵێن کە مۆبایلەکەی سووتاوە بەبێ نیشاندانی مۆبایلەکە بە ئێمە ، بەو پێیە ئێمە تەنانەت گومانمان هەیە لەوەی کە کۆتا پۆستەکانی فەیسبووک لە ئەکاونتی مامۆستا جیهان لەلایەن خۆیەوە بڵاوکرابێتەوە.
  6. تەنانەت بەخاکسپاردنی تەرمی مامۆستا جیهان بەبێ ئامادەبوونی خانەوادەکەی بە بەرنامە و پلان کراوە و پەلەکردنێکی زۆری تێدا کراوە ، دەشوترێت کە مامۆستا جیهان دەستێکی شکاوە، هەروەها هیچ ڕاپۆرتێکی پزیشکیش لەو بارەیەوە نیشانی خانەوادەکەی نەدراوە.
  7. بەرگری شارستانی سۆران (حریق) سەرەتا رایانگەیاند کە ئەم رووداوە لە دوو ژن و پیاوێک پێکهاتوون، بەڵام دواتر هەواڵەکەیان گۆڕی بۆ یەک کەس کە ئەویش مامۆستا جیهانە، هاوکات دەیان پەیجی تریش هەمان هەواڵیان بڵاوکردەوەکە قوربانیانی ئەو روداوە لەیەک کەس زیاترە.
  8. بەو پێیەی مامۆستا جیهان خاوەن کەسایەتیەکی زۆر بەهێزە و هیوابەخشە ، خاوەن کۆمەڵێ هیوا و ئاواتی خۆی بووە. هەروەها هەمیشە هانی کچان و ژنان و قوتابیەکانی داوە کە بێهیوانەبن و کۆڵ نەدەن لەژیان. لەهەمان کات خاوەنی دوو منداڵی جوانە بەناوەکانی باران و بیرهات و کە گرنگیەکی زۆری پێدەدان و زۆر پەیوەست بوو پێیانەوە. لەبەرئەوە ئەگەری خۆکوشتن زۆر دوورە لە کەسایەتی مامۆستا جیهان.
  9. مامۆستا جیهان زانیویەتی کە هەموو خانەوادەکەی تکتی تەیارەیان بڕیوە و دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان و برایەکیشی ژن دێنێت ، وە خۆشی بە پێ ی خۆی چووە بۆ خوازبێنی ئەو برایەیو دڵی خۆش بووە بەم هەواڵە و ئامادەکاری کردووە بۆ ئەو رۆژانە و بە خوشکەکانی وتوە کە هەموومان پێکەوە جلکی کوردی لە رۆژی ئاهەنگەکە دەپۆشین.
  10. کەمتەرخەمی و خەمساردی لایەنی دەسەڵات،گرنگی نەدان و بەدەمەوچوونی پێویست بە کەیسەکە و پێنەدانی هیچ روونکردنەوەیەک بە خەڵکی کوردستان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەیان دەکرا، هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بچووکردنەوە و بە ئاسایی کردنی رووداوەکە لەگەڵ خانەوادەی مامۆستا جیهان دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئەشێ ئەم تاوانە لەلایەن خۆیانەوە ئەنجام درابێت.
    ئێمە وەک خانەوادەی مامۆستا جیهان کە لە یانزە ئەندام پێکهاتووین لە ئەمریکا دەژین و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکین مافی ئەوەمان هەیە کە بەدوا داچوون بکەین بۆ کەیسی تاکە کچەکەمان مامۆستا جیهان کە لە شاری هەولێر لە کوردستانی عێراق دەژیا، وە ئەم کەیسە پەیوەندیەکی بەهێزی بە سیاسەتەوە هەیە.

پەیوەندیدار