سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت: دوژمنان سوود لە پەرتەوازەیی و لێکترازانی کورد وەردەگرن و، رێگایان بۆ خۆشبووە قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە(18ی کانوونی دووەمی 2024)، بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانی سەر هەولێرو، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئاڵۆزییەکانی ناوچە و جیهان، وا دەخوازێت پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە تێگەیشتنێکی هاوبەش و ستراتیژیەتێکی نیشتیمانی، کارنامە و پرۆژەیەک دابنێن، بتوانن بەرامبەر ئالنگارییەکانی ناوچەکە بووەستنەوە، گوتی: پێویستمان بە کۆ دەنگی و یەکدەنگی هەیە لەو بارودۆخە هەستیارەی رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بۆتەوە، چونکە هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر قەوارەی هەرێمی کوردستان، دەبێت بیپارێزین.
لەبارەی هۆکارەکانی پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کوردستان، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێی وابوو، لێکترازان و پەرتەوازەیی کورد، زەمینەی خۆشکردووە بۆ نەیارانی کاری زیاتر بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن، ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پەرتەوازەییە وایکرد، نەیاران سەرەتا لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە دەستیپێبکەن کە چەندین بڕیاری نا دەستووریان دژی هەرێمی کوردستان دەرکرد، دەستیان بۆ شادەماری ئابووری هەرێمی کوردستان برد، پەرلەمانی کوردستانیان هەڵوەشاندەوە، دەڵێت: لە هەموو ئەوانەی بەسەرماندا هات، خۆمان بەرپرسیار بووین و بیانوومان پێیان دەدا، ئەگەر ئەو پەرتەوازەییە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، رەنگە ئەوان پلان و نەخشەی دیکەیان بەدەستەوە بێ، لەبارەی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانیش، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو پرسە رووبەڕووی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان، هەر کەسێک لەبارەی ئەو قەیرانانەی دووچاری هەرێمی کوردستان بۆتەوە خۆی بدزێتەوە کە ئەرکێکی مێژووییە، دەکەوێتە بەر نەعلەتی مێژوو.
بەڵێن عەبدوڵڵا دەڵێت: کە مووچە لە هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، لە تەواوی خەڵکی کوردستان دەبڕدرێت، کە مەرجێک دەخرێتە سەر کوردستان، مەرجەکە دەخرێتە سەر گەلی کوردستان، بۆیە پێویستە بارودۆخە نێودەوڵەتییەکان باشتر بخوێنینەوە، ململانێی زلهێزەکان لە ناوچەکە کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، هەرێمی کوردستانیش کەوتۆتە نێو ئەو کێشە و ململانێیانە.
نزیکەی کاتژمێر 11:30ـی خولەکی شەوی دووشەممە، 15-01-2024، بە چەندین مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر چهند ناوچەیەکی جیاوازی شاری هەولێر. دواتر سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ گرت.
دواتر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو: “کاتژمێر 11:30ـی شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین مووشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بۆردوومان کرد.”
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی پێ دراوە، بەهۆی هێرشەکەوە، “چوار هاووڵاتیی سڤیل شەهید و 6 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ڕەوشی تەندروستیی هەندێ لە بریندارەکان ناجێگیرە”.
ههروهها رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە ماڵی کوردستان لە داڤۆس، باسی لە هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی شەوی رابردووی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل شەهید و برینداربوون.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هێرشەکەی سەر هەولێری بە “بێ پاساو و نامەردانە” ناوبرد و گوتی: “لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا چەندین کەس گیانیان لەدەستدا. لەوانە کاکە پێشڕەو و کچەکەی و هەندێک کەسی دیکە لە خێزانەکەی بوونە قوربانی و برینداربوون. گوتیشی: “هیوادارم جێگەی شەهیدان بەهەشت بێت و بریندارەکانیش زوو چاک ببنەوە”.