لەم ماوەیەدا، سێ روداوی كۆمەڵكوژ كردنی كورد لە عێراق روویدا، بێگومان رەهەندو لێكەوتەی زۆریان هەیە، شەهیدكردنی پۆلێك هاوڵاتی كورد لە كەركوك لەكاتی خۆپیشاندانەكان لەلایەن هێزە عێراقیەكان، بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی عەربەت و شەهیدكردنی پۆلێك دژەتیرۆر لەلایەن توركیاوە، پەلاماردانی موشەك و درۆن لەهەولێر لەلایەن ئێرانەوەو شەهیدكردنی پۆلێك هاوڵاتی تر. واتە سێ كۆمەڵكوژكردنی كورد لەلایەن (عەرەب، تورك، فارس) یان با بڵێین لەلایەن( عێراق، توركیا، ئێران) . لەم روانگەیەوە دەكرێت هەڵسەنگاندن بۆ چەند بابەتێك بكەین:
-مانای وایە هەر سێ دەوڵەت پەیوەندی دبلۆماسی و سیاسیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نەماوە، بەڵكو خەریكی رێوشوێنی ئەمنی و سەربازین و ئەمە مامەڵەیانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
-گەلەكۆمەو لێكتێگەیشتنی هەرێمی هەیە بۆ دژایەتی كوردو بچوك كردنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و لێدان لە كورد.
-مانای وایە باوەڕیان بە چارەسەری سیاسی و دیموكراسی كێشەی كورد نیەو چەكوشیان بەدەستەوەیە بۆ سەری كورد.
-جۆری كاردانەوەو رەفتاری كورد لەگەڵ ئەم روداوانە، راستیەكی تاڵ دەردەخات كە كورد دابەش بووە، لەناوخۆیدا لاوازە، توانای وەڵامدانەوەی باشی نیە، بۆیە ئەم دەوڵەتانە نەك پاشگەز نابنەوە لە كۆمەڵكوژیەكانیان، بەڵكو رۆژێك دوای پەلاماری ئێران بۆ سەر هەولێر، ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا گوتی: ئۆپەراسیۆنەكانمان لە باكوری عێراق فراوانتر دەكەین. واتە بەكورتی هەمومان پێكەوە لە كورد دەدەین و رێككەوتوین.
كورد لە دۆخێكی ناهەمواردایە، مەترسیەكان كەم نین، بۆيه هەنگاوی تازە پێویستە:
-نابێت دوای پەلاماری هەولێرو عەربەت، ئەم شێوازە لە سیاسەت كردنی ناوخۆی هەرێم وەكو خۆی بمێنێتەوە، پێویستە گۆڕانكاری بكرێت و هێزو لایەنە سیاسیەكان خوێندنەوەیەكی تازە بۆ سیاسەتی هەرێمی ئەم دەوڵەتانەو جۆری مامەڵەی لەگەڵ عێراق بكات.
-دەبێت كورد زۆر توند پشتی یەك بگرێت لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك و پۆستەكانی موسڵ. نابێت دابەشبوونی هەرێمی كار لە دۆسیەی كەركوك بكات.
-گەڕانەوە بۆ خودێكی كوردی، نەك دابەش بوون بەسەر بلۆك بەندی توركیاو ئێران و ناوچەكە.
-گۆڕانكاری جەوهەری لە جۆری حوكمڕانی ناوخۆیی كوردستان و گەڕانەوە بۆ دیموكراسی.
-وەك چۆن حەیاتان بۆ پەرلەمان و دیموكراسی نەهێشتەوە، واش لە سیستەمی سیاسی مەكەن و ناوە ناوە هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم یان هەر دەزگاو شوێنێكی تر كۆببنەوەو پێكەوە دەركەون، پێكەوە یەك قسە بكەن.
-یەك قسە بكەن بۆ دەوڵەتانی ناوچەكەو زمانێكی هاوبەش بدۆزنەوە كە هەرێمی كوردستان وەك یەكەیەكی یەكگرتوو نیشان بدات.
-واز لە تەسفیەی ئەمنی و سیاسی و حزبی ناوخۆیی بهێنن، بڕێك لە گۆڕانكاریە گەورەكانی ناوچەكەو دنیا تێ بگەن.
-هیچ هەڵبژاردنێك دوا مەخەن، رێز بۆ دەنگی هاوڵاتی كوردی بگەڕێننەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندی وێران بووی هاوڵاتیانی كوردو سیاسەت و كیانەكە بە باشی رێك بخرێتەوە.
-بە یەك شاندو بەیەكەوە لەگەڵ ئەمریكاو ئێران و توركیا و عێراق پەیوەندی بكەن و مامەڵە بكەن، حساباتی حزبی هێندە تێكەڵ مەكەن بەم دۆسیەیە.
-كەناڵە نێودەوڵەتی و دبلۆماسیەكانی دنیا پڕ بكەن لە داوای قەرەبوو، پشتیوانی، هەماهەنگی لەگەڵ گەلی كوردو كیانەكەی، كەس نازانێت چۆن لەگەڵ ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاو نەتەوەیەكگرتوەكان و روسیا و چین و ئینگلیزو فەرەنسا سیاسەت دەكەن. بەس كەسانی نزیك لە وەلائی شەخسی و حزبی خۆتان بكەنە نوێنەری دەم راستی كورد لەناوەندەكانی دنیا، بگەڕێن كەسە زۆر ئەكادیمی و سیاسی و چالاك و بە ئاگا بكەنە نوێنەرو هانیان بدەن باش بۆ كورد و كیانەكەی لۆبی بكەن.
– لە گوتاری راگەیاندنی زۆرو زەوەندی خۆتان، بەس پەلاماری یەكتر بدەن، راگەیاندنەكان بۆ ئاراستەیەكی نیشتمانی و دۆزینەوەی زمانێكی هاوبەش ببەن، هەموو ئەم پەیج و سۆسیال میدیا ئاست نزم و جنێوفرۆش و بوختان چیانەی دروستتان كردوون و پارەیەكی زۆریان لێ خەرج دەكەن، رابگرن و دایان بخەن، روبەری هاوبەشی كوردی-كوردی زیاتر بكەن، نەك دوژمنایەتی كوردی-كوردی زیاتر گەورە بكەن.
-لەكۆتایدا دەبێژم: یەكەمجار لێكتێگەیشتنی ناوخۆیی كوردی-كوردی پێویستە، دواتر لەنوێوە تێگەیشتنی تازە لە پەیوەندی نێوان كوردی-توركیا، كوردی- ئێران، كوردی-عێراق. كوردی-كۆمەڵگای نێودەوڵەتی.
دەفەرمون موشەك بارانكردنی هەولێری پایتەخت، با سەرەتای دروستبوونی قۆناغێكی تازە بێت، كە لەبری شكست و مەترسی، كۆمەڵكوژیەكانی ئەمجارە بكەینە دەرفەت.
هەندرێن شێخ راغب