نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت،” لە سێ هەفتەدا 54 کەس لە وڵاتی ئێران لەسێدارە دراون”.
جێرەمی لۆرێنس، وتەبێژی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان OHCHR ڕایگەیاند،”زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانییان بەتایبەت ڕۆژی سێشەممە کە دوو کەس لەسێدارەدران لە ئێران، جێگەی نیگەرانییە”.
ئاماژەی بەوەشداوە،”تەنیا لە سێ هەفتەدا لەو وڵاتە 54 کەس لەسێدارەدراون و سزاکەش لەگەڵ زۆرینەی بنەماکانی مافی ژیان یەکناگرێتەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو،”محەممەد قوبادلوو بووە نۆیەم کەس بە تۆمەتی خۆپێشاندانی 2022 لەسێدارە بدرێت، فەرهاد سەلیمی، کە پیاوێکی کورد بوو، دوای ئەوەی 14 ساڵ لە زیندان بوو، لەسێدارەدرا”.
جێرەمی لۆرێنس داوا لە ئێران و دادگاکانی دەکات کە پابەندبن بە دادگاییکردنی دادپەروەریی زیندانیان.
دەشڵێت،”ئێمە نیگەرانی ئەو ڕاپۆرتانەین کە بە زۆر و لەژێر گوشار وا لە زیندانییان دەکرێت دان بە تاوان بنێن”.