وەزارەتی دەرەوەی عێراق، رایگەیاند، لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا رێككەوتون بۆ داڕشتنی خشتەیەكی زەمەنی بۆ دیاریكردنی ماوەی مانەوەی راوێژكارە سەربازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق.
وەزارەتەكە، ڕۆژی پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، حكومەتی عێراق بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا سەركەوتنی دانوستانە بەردەوامەكانی نێوان هەردولا رادەگەیەنێت كە لە ئابی 2023ەوە دەستیان پێكردوە كە بە پێویستی دەستپێكردنی كاری لیژنەی سەربازیی باڵا بۆ هەڵسەنگاندنی هەڕەشەی داعش كۆتاییان هاتوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەش بەمەبەستی داڕشتنی خشتەیەكی زەمەنی دیاریكراو و رونە كە ماوەی مانەوەی راوێژكارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق دیاری بكات و دەستبكرێت بە كەمكردنەوەی دیراسەكراو و پێ بەپێی راوێژكارانی سەربازی لەسەر خاكی عێراق و كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی دژی داعش و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی دوقۆڵی گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەڕوی سیاسی و ئابوری و كولتوری و ئەمنی و سەربازییەوە بەشێوەیەك كە گونجاو بێت لەگەڵ دیدگای حكومەتی عێراق.
جەختیشی كردۆتەوە كە هەردو لا پشتیوانی خۆیان بۆ كاری لیژنەكەو ئاسانكاریی بۆ ئەركەكانی و رێگری لە هەر شتێك كە ببێتە مایەی كۆسپ و دواخستنی كارەكانی، دوپاتكردۆتەوە.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە پاراستنی رەوتی كارەكانی لیژنەكەو سەركەوتنی لە بەدیهێنانی ئەركەكانی بەرژەوەندییەكی نیشتمانییەو لەپاڵ ئەوەشدا دەبێتە مایەی پاراستنی سەقامگیری عێراق و ناوچەكە.
وەزارەتی دەرەوە وتوشیەتی، حكومەتی عێراق داوا دەكات كارەكانی ئەم لیژنەیە بەهیچ شێوەیەك رانەگیرێن و كۆسپیان بۆ دروست نەكرێت و هەروەها كاربكرێت بۆ دوركەوتنەوە لە یاریكردن بە سەقامگیری عێراق.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراق پابەندیی خۆی بە پاراستنی راوێژكارەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوپاتدەكاتەوە لەسەرتاسەری وڵات لەماوەی دانوستانەكاندا لەگەڵ پاراستنی سەقامگیری و رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەكان.
وەزارەتی دەرەوە وتویەتی، حكومەتی عێراق پێشوازی لەم رێككەوتنە دەكات و بە بەشێك لەو بەڵێنانەی خۆی دەزانێت كە لە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتدا بە خەڵكی داون.