ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی 1ی 2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر، کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی کردەوە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەوپێشچووە و گەشەی کردووە و ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە.
سەرۆکی حکوومەت ڕاشیگەیاند کە لە بەرنامەدایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.
ئهمهش دهقی گوتارهكهی سهرۆكی حكوومهته:-
بە ناوی خوای گەورە و دلۆڤان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەیانیتان باش
زۆر بەخێر بێن
دەستخۆشی لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆنفرانسە، بەخێرهاتنەوەی هەموو نوێنەرەکانی حکوومەت دەکەم، هیوادارم لە ڕۆژانی کۆنفرانسدا، گفتوگۆیەکی باش و بەرهەمدار بکرێت و ئەنجام و ڕاسپاردە و پێشنیارەکان، لە خزمەتی بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانماندا بێت.
جێی خۆشحاڵییە کە پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، زۆر بەرەوپێشچووە و گەشەی کردووە، ژمارەی کونسوڵگەری و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە زیادبوون و بەرفراوانبووندایە، هەروەها لە بەرنامەماندایە لە داهاتوودا، ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە، زیاتر بکەین و لە چەند وڵاتێکی دۆست و گرنگ کە کونسولگەرییان لە کوردستان هەیە، نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم بکەینەوە بە مەبەستی برەودان بە دۆستایەتی و پەیوەندیی ئابووری و کولتووری و زانستی و ئەکادیمی.
لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی زۆر باشی ناوە، چ لە ڕووی سەردانی شاندی باڵای وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان یان بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆڕ و کۆڕبەند و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا.
هەرێمی كوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووریی و یاسایی لە عێراق، هەمیشە فاکتەری ئاسایش و ئارامیی بووە لە عێراق و ناوچەکە و خوازیاری باشترین پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی ، ئامانجمان پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانمانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێز لەیەکترگرتن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەلماندوویەتی کە هاوبەشێکی گرنگ و کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و لە چەندین بواردا، جێی بایەخی وڵاتانی جیهانە، بە تایبەتی کە هەرێمەکەمان ناوچەیەکی سەقامگیر و مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جیاوازەکانە.
هەرێمی کوردستان هەرگیز مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک و هەمیشە دەستی دۆستایەتیمان بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی درێژ کردووە. بۆیە پێویستە بەرژەوەندییە هاوبەشەكانمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی جیهان لەبەرچاو بگیرێ و بپارێزرێ و پێویستە سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق، ڕێزی لێ بگیرێت و پێشێل نەکرێت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانين سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە بکەين کە هەر لە دوای دەرچوونی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاتنەکایەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوكار و یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان بوون لە قۆناخە جیاواز و سەختەکاندا، بە تایبەتی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش، پشتیوانیان لێ کردووین و بەردەواميشن لە پشتیوانیکردنمان.
هەرێمی کوردستان شانازی بە پەیوەندیی لەگەڵ دۆستە نێودەوڵەتییەکانی دەکات و پابەندبوونی خۆشی، بە پەرەپێدانی بنەماکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و سەروەری یاسا و هەموو بەها هاوبەشەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دیموکرات و پێشکەوتوو، دووپات دەکاتەوە.
بەڕێزان :
ئێمە ڕەوەندێکی بەهێز و گەورەی کوردستانیمان لە تاراوگەدا هەیە، کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان لەو وڵاتانەی لێی دەژین هەیە و لە هەندێک لەو وڵاتانە، لە بوارەکانی سیاسیی و پەرلەمانیی و زانستی و ئەکادیمیدا، خاوەن پێگەیەکی دیار و ڕێزلێگیراون و کەسانی بەهرەمەند و داهێنەر و بلیمەت و زانایان تێدایە، ئێمە شانازی بە دەسکەوت و سەرکەوتنەکانی ڕەوەندی کوردستانییەوە دەکەین و هیوادارین نموونەیەکی جوان و گەشی کۆمەڵگەکەمان بن لە دەرەوە و ڕۆڵی گرنگی خۆیان، لە ناساندنی کولتووری کوردستانی و داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان بگێڕن و يارمەتیدەر و هاکاری پرۆسەی ئاوەدانیی و چاکسازی و بنیاتنانی ژێرخان و پێشخستنی کوردستان بن.
پێویستە نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە و ڕەوەندی کوردستانی، هەماهەنگیی و هاریکاریی و پەیوەندییەکی باشیان لە نێواندا هەبێت و نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێم، ماڵی کوردستانیيان بن و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش بکەن و هەردوولا سوود لە یەکتر وەربگرن لە پێناو زیاتر ناساندنی دۆز و پرسی گەلەکەمان و دروستکردن و پەرەپێدانی پەیوەندیی سیاسیی و ئابووری و بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە کە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاكانی کوردستان بێت.
بەڕێزان:
حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی سیاسیی و ئەمنی و ئابووری و دارایی بووەتەوە و ناحەزان هەوڵیانداوە بە هەموو شێوەیەک، کێشە و ئاستەنگ بۆ پێشکەوتنی و ئاوەدانیی و سەقامگیریی کوردستان دروست بکەن، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، بەسەر هەموو کۆسپ و ئاستەنگەکان زاڵ دەبین ، چونکە ئیرادەی میللەتەکەمان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە، بۆیە لەژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانمان نابین.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم و خوازیارم ئەنجامی باشی هەبێت و ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمان.