بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو مقاومەی ئیسلامی نزیک لە حەشدی شەعبی لە عێراق ڕایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە عێراق بچنە دەرەوە لە سبەینێ باشترە، ئەگەر نا ئەوە بە زەبری ھێز سەربازانی ئەمریکا لە عێراق دەردەکەن.
بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپەکانی نێو مقاومەی ئیسلامی نزیک لە حەشدی شەعبی لە عێراق و ئەکرەم کەعبی سەرپەرشتی دەکات لە ڕاگەیاندراوێکدا ھێرشی تووندی کردووەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا و ڕایگەیاندووە کە ھێرشی زیاتر بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام دەدەن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: “بەرەی مقاومە گرنگی بە ھەڕەشەکانی ئەمریکای داگیرکەر نادات، چونکە بەرەی مقاومە لە ھەڕەشەکان ناترسێت”.
بزووتنەوەی نوجەبا لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، سووکایەتی بە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کردووە لەوەی لە ھێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە بۆسەر ھێزەکانی ئەمریکا لە سنووری ئوردن لەگەڵ سووریا ئاگادار نەبووە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک سەربازی ئەمریکا کوژران و برینداربوون و ڕایگەیاندووە: “ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئەمریکا ڕێز لە سەروەریی وڵاتان ناگرێت”.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھێزەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە عێراق بچنە دەرەوە لە سبەینێ باشترە، ئەگەر نا ئەوە بە زەبری ھێز سەربازانی ئەمریکا لە عێراق دەردەکەن و ڕایگەیاندووە: “ھێزەکانی ئەمریکا ھەر ڕۆژێک زیاتر لە عێراق بمێننەوە، ئەوە باجی قورستر دەدەن”.