کوشتنى سێ سەربازى ئەمەریکا و برینداربونى دەیانى دیکە، تۆڵەى ئەمەریکاى بەدواداهات و درەنگانى شەوى رابردو ئەو وڵاتە 85 ئامانجى لە عێراق و سوریا کردى ئامانج و کۆشکى سپیش لەوبارەیەوە دەڵێت: هێرشەکانمان زۆر ورد بون و وا ئەنجامدراون کەسانى مەدەنى نەبنو قوربانیی.
لەبارەى هێرشەکەى ئەمەریکاوە بەرپرسێکى پنتاگۆن رایگەیاند؛ لەماوەى 30 خولەکدا حەوت دامەزراوەى گروپە چەکدارەکان کراونەتە ئامانجى 85 هێرش، چواریان لە عێراق و سیانیشیان لە سوریا، لە شارى قائیم قوربانیی کەوتوەتەوە و ئەو گروپانەش کراونەتە ئامانج کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتییان دەکرێت و پێتشریش ئەمەریک چەندین جار ئەو وڵاتەى بە ئەنجامدانى هێرشەکانى سەر بنکەکانى وڵاتەکەى تۆمەتبار کرد.
بەپێى زانیاریی سەرچاوە عێراقییەکان تا ئێستا زیاتر لە 10 کەس کوژراون کە کەسانى مەدەنیشیان تێدایە، لە سوریاش سەرچاوەکان ئاماژە بە کوژرانى 18 کەس دەکەن و کە ئەندامى گروپە چەکدارەکانى نزیک لە ئێرانن.
هێرشەکانى ئەمەریکا تۆڵە بون و پێشتریش بڕیارى هێرشەکەیان ئاشکرا کردبو
هێرشى فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەى سەر بنکەکەى ئەمەریکا لە تاوەر-22ـى ئوردن یەکێک بو لە زنجیرە هێرشەکانى گروپە چەکدارەکان بۆسەر بنکە بارەگاکانى ئەو وڵاتە ئەنجامیاندا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەم وەڵامەش لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکاوە بەوشێوەیە وەسفکرا کە ئەمەریکا و ئیدارەى سەرۆک رێگە نادات زیان بە هیچ ئەمەریکییەک بگات، لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتەش جەختیکردوەتەوە کە ئەم هێرشانە تەنها سەرەتان و وەڵامەکانى ئەمەریکا لە کات و شوێنى جیاواز بەردەوامییان دەبێت.
بی وەن بۆمبەر رۆڵى سەرەکییان لەم هێرشانەدا هەبو
فڕۆکەى جەنگیی بی وەن بۆمبەر تایبەت بە هێزە ئاسمانییەکانى ئەمەریکایە، بۆمبهاوێژەکانى لەم هێرشەدا بەکارهێنران لەم فڕۆکەیەدا بون، ئەمەریکا 45 دانە لەم فڕۆکە بۆمبهاوێژەى هەیە کە تواناى هەڵگرتنى 10 هەزار تۆن تەقەمەنیی و 120 هەزار لیتر سوتەمەنیی هەیە، لەگەڵیشیدا تواناى هەڵگرتنى بۆمبى ئەتۆمیی هەیە.
ئەمەریکا عێراقى لە هێرشەکە ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام هیچى بە ئێران رانەگەیاندوە
جۆن کێربى، وتەبێژى ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى ئەمەریکا رایگەیاند؛ پێشتر حکومەتى عێراق لەم هێرشە ئاگادارکرابوەوە، لەبارەى ئێرانیشەوە ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ ئێران نەماوە لە هێرشەکەى ئوردنەوە.
ئەمەریکا پلانى نییە شەڕەکەى بباتە ناو خاکى ئێرانەوە
بەرپرسێکى باڵاى ئەمەریکا بە تۆڕى سی ئێن ئێن-ى راگەیاندوە؛ ئەمەریکا هیچ هێرشێک لەناوخۆى ئێران ئەنجام نادات و تەنها سەرنجى لەسەر ئامانجەکانى دەرەوەى وڵاتەکەیە و گەر بێتو لەناوخۆى ئەو ولاتە شەر دەستپێبکات ئەوا گرژییەکان زیاتر دەبن و ئەو کارەش دورە لەوەى روبدات.