وەک ئاگادارین لەماوەی رابردوو هێزە بەرەنگارییەکانی عێراق ( ئێرانییەکان) زیاتر لە سەد جار هێرشیان کردە سەر بنکە ئەمریکییەکان لە عێراق و سوریا و لە کۆتا جاریشدا لە نزیک سنووری ئوردن هێزەکانی ئەمەریکایان بە ئامانج گرت کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەرچەندە گومان دەکرێت کە لە هێرشانەی رابردووش ئەمریکییەکان کوژراو هەبووبێ، سیاسەتی ئەمریکییەکان خۆی بەجۆرێک بووە لە ماوەی رابردوو هەرگیز باسی قوربانییەکانی خۆیانیان نەکردووە، مەگەر ئامادەبووبێتن بۆ وەڵامدانەوە، چونکە ئەمریکا زلهێزی زەوییە و نابێت بێ وەڵام بێت لە بەرامبەر هێرشکردنە سەری،
هێرشەکەی ئوردن نەدەشاردرایەوە و پەردەپۆش نەدەکرا، وە لەهەمان کاتدا ئیدارەی بایدن فشارێکی زۆری ناوخۆیی لەسەربوو بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان بەتایبەتی لەلایەن کۆمارییەکان، بۆیە وەکو ئاگادارین بریاری هێرشکردن درا و دوای ٥ رۆژ ئەمریکا جوڵەی مەیدانی کرد و هێرشێکی بەرفراوانی ئاسمانی کردە سەر پێگەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا.
بەڵام ئایا ئەمە بەسە؟ لەماوەی ئەم ٥ رۆژەدا و پێشووتریش ئەمریکییەکان لەزاری (بلینکن و کێربی و بایدن و ئۆستن) یشەوە دووپاتی ئەوەیان کردۆتەوە کە نایانەوێت لەگەڵ ئێران بکەونە جەنگەوە! ئەمە چی رووندەکاتەوە؟ بەرای ئێوە تکاکردن نییە لە ئێران کە وەڵامیان نەبێت! پرسیان پێدەکەن، “ئێمە هێرشدەکەینە سەر گروپە چەکدارەکانی عێراق و سوریا و ئێوە هەقتان نەبێت.” زۆر بەروونی دیارە کە ئەمریکا ئێستا ئەو پێگەیەی جارانی نەماوە لەناوچەکە، چونکە ئەویش و ئێمەش دڵنیاین لەوەی کە سەری مارەکە ئێرانە، دەی ئەگەر ئەمریکا ئەمریکای پێشوو بووایە کەس نەیدەزانی لەکوێوە و کەی و چۆن لە ئێرانی دەدا، بەڵام ئێستا شتەکان زۆر گۆراون.
دواخستی هێرشەکان بۆ ٥ رۆژ و باسکردنی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە زیاتر لە جارێک، تەنانەت هەموومان دەمانزانی چیدەکەن، ئەمەش لەلایەکی ترەوە هەر ئاگادارییەک بوو لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بۆ گروپە چەکدارەکان و پێی وتن کە دەتوانن بارەگاکانتان چۆڵ بکەن نەوەک زیانتان پێبگات، وە کردارییەنیش هەر وەها بوو، ئەوەی باسدەکرێت هیچ سەرکردەیەکی پلەبەرز زیانی پێنەگەشتووە و لە ئەنجامی ١٢٠ موشەک ١٦ چەکدار کوژراون لەگەڵ ٢٥ بریندار کە باسدەکرێت سڤیلیش لەناو بریندارەکان هەن. لەلایەکی دیکەوە ئەمە کۆتا ساتەکانی ئەمریکایە لەناوچەکە، کۆتا جوڵە سەربازییەکانیان و ئیدی ماڵئاواییکردنی ئەمریکا لە عێراق بە پلەی یەکەم و پاشانیش سووریا، چونکە هەر ئەمرۆ کە ئەمریکا هێشتا هێرشەکانی تەواو نەکردووە و خۆی دەڵێت بەردەوام دەبم، هێرش کراوەتەوە سەر پێگەکانیان لە ناوچەکە لەلایەن هێزە بەرەنگارییەکانەوە، بەدیوێکدا واتە سفر هیچ بەدەستەوە بۆ ئەمریکا، چونکە هێرشەکان هەر بەردەوام دەبن و ئەمریکا لەم نێوەندەدا هیچی بۆ ناکرێت و هێرشی بەرفراوانی لەم جۆرەش سەدان ملیۆن دۆلار لەسەر ئەمریکا دەکەوێت و ناکرێت ببێتە وەڵام بۆ هێرشی درۆنە هەزار دۆلارییەکانی هێزە بەرەنگارییەکان، لە ئەگەری بەردەوامبوونی هەردوولادا، دەی کەواتە بژاردەیەکی ئەوتۆ بۆ ئەمریکا نەماوە لەناوچەکە جگە لە جێهێشتن، لەبەرئەوەی لەماوەی رابردوو حکومەتی عێراق داوای لە یەکێک لە هێزە بەرەنگارییەکان کرد کە رابوەستن لە چالاکیەکانیان بەهۆکاری ئەوەی دەیەوێت بە دیبلۆماسیانە ئەمریکا رەوانە بکات و ئەو بژاردەیە ئاسانتر دەبێت، وە یەکێک لە هێزە بەرەنگارییەکان هێرشی راگرت لەبەرامبەر ئەمەدا..
ئەگەر تەواوی بابەتەکە کورتبکەینەوە، حکومەتی عێراق بە رێگای دیبلۆماسی خەریکی وەدەرنانی ئەمریکایە و لە سوریاش ئەمریکییەکان لە مانگی رابردوو باسیان لە جێهێشتنی ناوچەکە کردەوە، لەسەر ئاستی مەیدانی ش دۆخەکە بەتەواوی لە بەرژەوەندی گروپە چەکدارەکانە و دژی ئەمریکییەکانە و هێرشەکان بەردەوام دەبن و کەم تا زۆر ئەمریکا هیچی لەدەست نایەت بۆ راگرتنیان.
لەکۆتاییدا ئەوەی کە هەیە ئەم هێرشانەی ئەمریکا تەنها هێرشی رەمزین و رازیکردنی کۆمارییەکانی ناوخۆ و راگەیاندنی وتارێکە بە جیهان کە بێ وەڵام رۆژهەلاتی ناوەراست بەجێناهێڵین، بەڵکو خۆمان بە خواستی خۆمان دەرۆین بەرێگەی دیبلۆماسی.
نووسینی : سامان هەركی