ڕێکخراوی تیمە ئاشتیخوازەکانی کۆمەڵگە (CPT) ی ئەمریكی رایدەگەیەنێت، تەنها لە ساڵی ڕابردودا 1649 جار، تورکیا و ئێران بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆردومانکردووەو 11 هاوڵاتی مەدەنییان کوشتووەو 13ی دیکەش برینداربوونە، زیاد لە 600 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لە سەرە.
کامەران عوسمان، بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،” لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردوە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بوە کە ژمارەیان 1159 هێرش بووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە، وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردوە”.
بە پێی بە دواداچونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بە شێکی زۆر لە گوندنیشەکانی ناوچە سنورییەکان، لە ترسی سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتان ناتوانن کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن، بەو پێیە لە ناکاو بۆردومان ڕودەدەن و هاوڵاتی مەدەنی گیان لە دەستدەدان.
قایمقامی قەزای ماوەت، وتویەتی “بۆردومانەکان بە دڵنیایەوە ترس و دڵە ڕاوکێی دروستکردوە، چونکە نازانرێت لە چ کات و ساتێک بۆردومانی فڕۆکەکان هەیە، بۆیە هەندێک گوند دانیشتوانەکەی بەهۆی کۆچەوە بەرە و کەمبوون ڕۆشتوون.”
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت لە ناوچەی شارباژێر بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە،”بۆردومانەکانی ئەمداوییە بە فڕۆکەی جەنگی کراوە واتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە، لە سنوری ئێمە گوندەکانی گەڵاڵە و سەفرە و قامیش مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی دانیشتوانەکەیەتی، هەر هەفتەی پێشو ماڵی هاوڵاتیەکی مەدەنی کرایە ئامانج، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە.”
بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی کە ڕێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤە و کار لەسەر بە دۆکیۆمێنتکردن و بە داتاکردنی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات، پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتوە، چونکە لە کۆی 1649 بۆردومانی خاکی کوردستان، 575 بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سنوری هەولێر بوە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دوەم کە 517 جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش 420 جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گوندی خازلیەش 36 جار بۆردومانکراوە.
ڕۆژی سێشەممە 6ی مانگی دوی 2024، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گواراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەشتنە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی میدییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا.
بەرپرسەکەى ڕێکخراوە ئەمریکییەکە ئەوەشى وتووە،”لە ئەنجامی بۆردومانەکان لە ساڵی 2023، 11 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و 13 ى دیکەش برینداربوونە و 161 گوندی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان ساڵ بەتەواوی چۆڵکراوە بەهۆی مەترسی بۆردومانەوە، زیاد لە 600 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، چونکە گیانی گوندنشیان بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نیە.”
ڕێکخراوی سی پی تی، لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەیان ئەوەیان خستووەتەڕوو لە ساڵی 2015 ەوە تا سەرەتای ساڵی 2024، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی هەرو وڵاتدا 150 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 228 ی دیکەش برینداربونە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبوندایە.