مەزڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، ئەمریکا دڵنیایی پێداوین کە ئەركی هێزەكانیان لە ناوچەكانمان بەردەوام دەبێت.
بەپێویستیشیزانی بەرگریی ئاسمانی زیاتر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) جێگیربكرێت ئەوەش پاش ئەوەی كە شەش شەڕڤانی هێزەكانیان لە هێرشێكی درۆنیدا کوژران. هۆشداریش دا هەر جۆرە كشانەوەیەكی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانیان، هەڕەشەكانی گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران، داعش و توركیا بۆ سەر هێزەكانیان چەند هێندە دەكات.
مەزڵوم كۆبانێ، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز وتوشیەتی، “ئەمە پێشهاتێكی مەترسیدارە كاتێك كە بنكە سەربازییەكانمان بە هێرشی درۆنی لەلایەن گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێران دەكرێنە ئامانج”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەكانیان لە پاڵ هێزەكانی ئەمریكا كە لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەززە لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو، رووبەڕووی هەڕەشەی زیاتر بوونەتەوە لەبەردەم ئەو ناسەقامگیریی كە لەناوچەكە دروستبووە.
رۆژی 4ی ئەم مانگە هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند، لە هێرشێكی درۆنیدا كە لەلایەن گروپە چەكدارەكانی لایەنگری ئێرانەوە ئەنجامدراوە، شەش شەڕڤانیان کوژران.
مەزڵوم كۆبانێ ئاماژەی بەوەشداوە بۆ پێشگیریی لەو هێرشانە، داوای توانای تەكنیكی سەربازی و زیادكردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە: ئەمریكییەكان جەختیان كردووەتەوە هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ رێگری لەو جۆرە هێرشانە.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكەن ئەمریكا دیراسەی كشانەوەی هێزەكانی لە سوریا دەكات، عەبدی وتویەتی، لەلایەن وەزارەتی دەرەوە، كۆشكی سپی و وەزیری بەرگریی ئەمریكاوە دڵنیاییان دراوەتێ كە ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكانیان بەردەوام دەبێت.