رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ ناودەبات و دەڵێت، بەھۆی بۆردومانەکانەوە بە ملیۆنان کەس لە رۆژئاوای کوردستان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەشبوون.
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆڕتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، لەگەڵ بەردەوامی سەرقاڵبوونی جیھان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس، بۆردومانەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان چڕتر دەبێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، بەھۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە، ملیۆنان ھاووڵاتی لە رۆژئاوای کوردستان بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و کارەبا، سەرەتاکانی ئەمساڵیش تورکیا بۆردومانەکانی چڕترکردووەتەوە بۆ سەر ئەو رێگا ستراتیژییانەی لەرێگەیانەوە خزمەتگوزاری دەگەیەننە ناوچەکە.
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ، بۆردومانەکانی تورکیای لە رۆژئاوای کوردستان بە تاوانی جەنگ ناوبردووە و ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە تورکیا دەستبەجێ دەست لە بۆردومانکردنی رۆژئاوا ھەڵبگرێت و پابەندی یاساو ڕێسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بێت.