سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل نەخشەڕێگاکەی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین رەتدەکاتەوە و دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەو نەخشەیە وەک دیارییەک وایە بۆ گروپە تیرۆرستییەکان.
بنیامین ناتانیاھۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یەکەمین ھەڵویستی خۆی لەبارەی ئەو نەخشەرێگایە راگەیاند کە ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی کاری لەسەر دەکەن و تایبەتە بە راگەیاندنی ئاگربەست و دانانی نەخشەیەک بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین.
ناتانیاھۆ دەڵێت، نابێت بەبێ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل-فەڵەستین، ئەمریکا ھەنگاوێکی لەو جۆرە بگرێتەبەر.
ئاماژەیبەوەشکردوە، ئیسرائیل داوای گفتوگۆی بێ مەرج و راستەوخۆ لە فەڵەستین دەکات و باوەڕیشی وایە دانان بە دەوڵەتی فەڵەستین بەشێوەی تاک لایانە، وەک دیارییەک وایە بۆ ئەوانەی کۆمەڵکوژییەکەی حەوتی ئۆکتۆبەریان ئەنجامدا و رێگریش دەبێت لە ھەر ھەوڵێکی ئاشتی ھەمیشەیی لە داھاتوودا.