دەستەی ئاماری تورکیا ڕایدەگەیەنێت، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا هاوڵاتیانی عێراق لە ریزبەندی چوارەمی ئەو وڵاتانەن کە زۆرترین موڵکیان لە تورکیادا کڕیوە.
دەستەی ئاماری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، فرۆشی موڵک لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا بە رێژەی نزیکەی ٥١٪ کەمیکردووە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ کە تێیدا فرۆشی موڵک گەیشتە دوو هەزار و ٦١ موڵک.
باسی لەوەش كرد، ئەستەنبوڵ بە ٧٤٧ موڵک لە پلەی یەکەمی ئەو ناوچەنەدا دێت کە زۆرترین موڵکی لێ کڕاوە، ئەنتاڵیا بە ٧١٠ موڵک پلەی دووەم و مێرسین بە ٢١١ موڵک پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ئەو مانگەدا خەڵکی رووسیا زۆرترین موڵکیان لە خاکی تورکیادا کڕیوە کە ٥٥٥ موڵک بووە و ئێرانییەکان بە ٢٠٨ موڵک لە پلەی دووەم و ئۆکرانییەکان بە ١٢٧ موڵک لە پلەی سێیەم و دواتر عێراقییەکان بە ٩٩ موڵک لە پلەی چوارەمدان.
پێشتر دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاندبو، هاوڵاتیانی عێراق له پلەی پێنجەمی ئەو وڵاتانەدا بوون کە لە ماوەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو زۆرترین موڵکیان لەناو خاکی تورکیادا کڕیوە.




