هیچ بابەتێک هێندەی بابەتە مێژووییەکان پڕ گرێ و گۆل نین، رووداوەکانی مێژوو بەبەردەوام جێگای گومانو بۆچوونی جیاوازن، چونکە لە مێژووی مرۆڤایەتی کەمن ئەو رووداوە مێژوویانەی کۆدەنگی تەواو لەسەر راستو دروستیان هەبێتو پەسندو جێگای بڕوای هەمووان بێ. لە مێژە ئەو گۆتە بەناوبانگە هەیە، کە دەڵێ مێژوو سەرکەوتوو، دەسەڵاتدارو حاکمەکان دەینووسنەوە، هەر ئەوەشە هۆکاری ئەوەی مێژوو بەو جۆرە چاوی لێ دەکرێ، هەروەها ئەو مێژووەی بەو جۆرە دەنوسرێتەوە چەندجێگای بڕواو متمانەیە، ئەوە پرسیارێکە وەڵامی زۆر هەلدەگرێ، نەک هەر وەڵام بەڵکە گۆمانو جیاوازی بەردەوامیش بۆ لێکدانەوەو ساغکرنەویان لە ئارادایە.
دەڵێن ناپلیۆن بۆناپارتی گەرورە ئەفسەرو سەرۆکی فەرەنسا، کە یەکێکە لەو فەرماندە سەربازیانەیە بەشەرو کۆشتاری گەورە دەسەڵاتی گرتۆتە دەستو رێڕەوی سیاسیو سەربازی ئەوروپاو جیهانی گۆڕی،یەکێکە لەو فەرماندە سەربازیانەی زۆر لە خۆ رازیو خۆ بەگەورەزان بووەو حەزی کردووە یان باشتر بڵێم ویستویەتی میژووی خۆیو فەرەنسا لەو ساڵانەی تێیدا فەرمانڕاوا بووە بە ویستی ئەو بنوسرێتەوە، هەروەها بە سەدان وتەی نەستەقی سەربازیو سیاسیو کۆمەڵیەتی هەبووە، هەروەها ویستویەتی رووداوە مێژووییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێ، بە تایبەیتش ئەوەی پەیوەست بووە بە شەرەکانو هەلمەتە سەربازییەکانی، هەر بۆنموونە لە کاتی کۆژرانی ئەفسەرێکی بە دەستی خۆی فەرمانی کردووە کە لە هۆکاری مردنی ئەو ئەفسەرە بنووسن لە پێناوی ناپلیۆن گیانی خۆی بەخت کرد. زۆری پێچوو تا راستی کوژرانی ئەو ئەفسەرەئاشکرا بوو، ئاشکرابوونیشی ئەو کاتە بوو کە پایزی دەسەڵاتو تەمەنی ناپلیۆن بوو.
ئەو پێشەکیەی سەرەوەم بەمەبەستی ئەوە باسکرد، کە لە کوردستانی خۆشمان بەشێکی زۆری مێژووەکەی بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بەسیاسەتو شۆرشو حزبەکان، بەهەمان شێوە دەنوسرێتەوە بە تایبەتیش لە کاتی گێڕانەوەی رووداوەکانی ئەم سی چڵ ساڵەی رابردوو، لەو ماوەیەدا بەدەیان یاداشتو بیرەوەری پێشمەرگەو فەرماندەو سەرکردەو سیاستمەدار چاپکراونو بڵاوکراونەتەوە، بە داخەوە لە زۆربەیان راستیەکان دیار نییە و بە ئاشکرا شێواندن یان چەواشەکاری تێیاندا بەدی دەکرێ، زۆر کەم دەبینێ لەسەر یەک رووداو کە دوو کەس یان زیاتر یاداشتیان کردووە نزیکی یان تێککردنەوەی رووداوەکە ببینی، نەک ئەوەندە بەڵکو دنیایەک جیاوزی زەق و پێچەوانەو دژ بەیەکتریدەبیندرێ، بابەتێکی دیکەش کە سەرنجت رادەکێشی ئەوەیە، هەر کاری باشو دەستکەوتو سەرکەوتنو ئازایەتیەک هەبووبێ، هەر یەکەو خۆی دەکاتە پاڵەوان کارەکتەری سەرەکی باسەکە، وەک گۆتەکەی شۆرشی فەرەنسا، کە دەڵێ سەرکەوتن سەدان باوکو خاوەنی هەیە، کەچی نشوستو ژێرکەوتنو کارەساتەکان بێ باوکنو هیچ کەسێکیان نییە.
سەرنجێکی دیکەش لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە کە بەشێک لەو یاداشت بیرەوەریانە بە سبوغو مکیاجی ئێستاو بەمەرامی جۆراوجۆر دەگۆردرێتو لەگەڵ ئێستا دەگونجێندرێ، بۆ نموونە هەموو خەڵکی کورستان، بە تایبەتیش ئەوانەی بەشداری کاری سیاسی یان خەباتی چەکداریان کردبێ، هەر هیچ نەبێ مێژووی ئەو کەسانە دەزانن کە ئەو شتانە بڵاودەکەنەوە و کەسانێکی زۆری زیندووش ماونو ئاگاداری ئەو رووداوانانەن، واتە دەزانن کێ لە چ حزبێک بووەو ئێستا لە چ حزبێکە،چەند ئازا بووەو چەند چاکەخوازو دڵسۆزو پاکو خاوێن بووە، بە گشتی مەبەستەکە ئەوەیە، نابێ کەسێک شەرم لەو مێژووەی خۆی بکات کە لە حزبێکی دیاریکراوی کردوویەتی ئێستا بێتو بیەوێ سەروەری ئەو حزبەلە قەبەر حزبێکی دیکە بکاتو بە ناوی ئەو حزبەی تۆمار بکات، ئەو مێژووە بخاتە ناو سەبەتەی حزبێکی دیکە پێی وابێ رەسیدی سیاسی زیاد دەکات، بە بۆچوونی من واباشە هەر کەسێک یان حزبێک یان بزووتنەوەیەکی سیاسی چی کردبێ، بە باشو بە خراپ خۆی خاوەنیەتی،بەکەس ناگۆڕدڕێ، هەروەها شەرم کردنی مرۆڤ لە مێژوویەک کە شانازیو سەروەری تێدا بێت تەنها لەبەر ئەوەی ئەو حزبە ئێستا لەدەسەڵات نییە یان هەر نەماوە، کەسەکان بچووک دەکاتەوە نەک گەورە.
لە کۆتایدا مێژووی سیاسی کوردستان پشکی هەموو ئەوانەی تێدایە کە لە رۆژە ناخۆشو ترسناکەکان بەرخودانو بەرگریان دەکرد، کەواتە ناکرێو نابێ مێژوو بە چاوی ئەمرۆ بنوسرێتەوە، دەنا رۆژێک دێتو وەک گۆتەکەی ناپلیۆن راستیەکان ئاشکرا دەبنو ئەو کات……!!!!.
گۆران جەلال