شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری عەفریندا تێدەپەڕێت، لە ١٨٣٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا دوای ٥٨ رۆژ شەڕکردن و ئاوارەبوونی بەهەزاران عەفرینی و بریندارکردن و کوشتنیان. دەستی بەسەر شارەکەدا گرت.لەو رۆژە بەدواوە هەتاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام کار لەسەر سڕینەوەی شوناس و تێکدانی سیمای سەرەکی شوێنەوارو ئاسەوارە دێرینەکانی ئەو ناوچەیە دەدرێت. جینۆسایدی سپی و جینۆسایدی رەش لەعەفرین رۆژانە روودەدەن و بەردەوام ژنان رووبەڕووی کوشتن و رفاندن و دەستدرێژی دەبنەوە.
عەفرین یەکێکە لەشارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای کانتۆنی فورات. زۆرترین دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن و هەریەکە لەعەرەب و چەرکەس و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا دەژین. ئاینەکانی موسڵمان و مەسیحی و عەلەوی تێدا جێی خۆیان دەگرن.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی مافی مرۆڤی کانتۆنی عەفرین رێژەی کوردان لەساڵی ٢٠١٨ ٨٤٪بوون. رێژەی عەرەبەکان ١٠٪بوون و بەڕێژەی ناکۆتاکان ٦٪ بوون. هەر لەدوای داگیرکردنیەوە هەتاوەکو رۆژی ئەمڕۆ عەفرین لەڕووی سروشتی و ژینگەی لەڕووی دارایی و بەرهەمداریەوەو لەهەمانکاتتدا لەڕووی دانیشتوانەوە بەرە ئاسیملاسیۆن و گۆڕانکاری دیمۆگرافیا دەبێتەوە.
لەسەرەتای داگیرکاریەکانەوە بەنزیکەی ٣٠٠هەزار خەڵکی ئەم شارە ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەر بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان رێژەی کورد لەئێستادا کەمبووەتەوە بۆ ٢٥٪ لەماوەی ساڵانی ٢٠١٨_٢٠٢٤. لەجێگەی ئەوان عەرەب و تورکمانەکانی «حمس و حەماو غوتێ» بەجێکراون. رێژەی هەریەکە لەعەرەب و تورکمان لەئێستادا بەنزیکەی ٧٠٪دەبێت.
لەلایەکی دیکە ئەو کەسانەی لەدوای کۆچبەر بوونیان دەیانەوێت بگەڕێننەوە بۆ عەفرین و لەسەر زەویوزارەکانی خۆیان کاربکەن. دەبێت باج و سەرانە بدەن بەچەتەکانی تورکیاو چەتەکانی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان. هەتا ئەو کەسانەی لەکاتی داگیرکردندا لەجێی خۆیان ماونەتەوە کۆچبەر نەبوونە لەماڵەکانی خۆیان دەرکراون و لەجێگەی ئەوان عەرەب و تورکمان نیشتەجێبوونە، ئەگەر هەرکەسێک بیەوێت بگەڕێتەوە سەر کاروبارەکانی خۆی سەر ماڵی خۆی دەبێت ببێت بەبەردەستی تورکمان و عەرەبە هاوردەکان.
هاوکات ، ئەگەر کەسێک هەزار داری زەیتوونی چاندبێت ئەم کەسە دەبێت بۆ هەر دارێک ١٠٠٠ هەزار دۆلار مانگانە بدات بەچەتە داگیرکارەکان ئەگەر ئەم پارەیە نەدات ئەوا رووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و دەرکردن دەبێتەوە. بەپێی راپۆرتێکی دەزگاکانی دەرەوە تورکیا بەڕێژەی لەسەدا ٣٥٪ رێژەی بەرهەمداری زەیتی زەیتوونی زیادکردووەو لەپلەی ١١ هاتووەتە پلەی سێهەمین لەسەر ئاستی جیهان.
دروستکردنی ماڵی میتینگەری یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی کەمبونەوەی دانیشتوانی عەفرین، هەریەکە لەوڵاتەکانی قەتەرو فەلەستین و تورکیا پێکەوە خانەی نیشتەجێبوون و پەروەردەو ژیاری لەعەفرین دروستدەکەن. تاوەکو لەڕووی دیموگرافیەوە رەنگێکی دیکە بدات بەم ناوچەیەو لەسەر نەخشەڕێیەکی نوێ عەفرینێکی نوێ و بەکۆمەڵگەیەکی عەرەب و تورکمان پێشکەش بکات. هەریەکە لەزمانەکانی تورکی و عەرەبی لەئێستادا زمانی سەرەکی خوێندن و بەڕێوەبردن و کاروبارەکانن.
لەزۆر لایەنی دیکەوە عەفرین لەکوردایەتی دەردەهێنرێت و قاڵبێکی عەرەبی و تورکی بەبەردا دەکرێت، ئەم گۆرانکاریە دەستکردە ماوەی شەش ساڵە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامەو هیچ دەزگاو رێکخراوێکی جیهانی بەتایبەت لەم بارەیەوە ناتوانێت لێکۆڵینەوە بکات لەبەرئەوەی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی ئێستا لەعەفرینن لەنێو خودی خۆیاندا لەڕووی مەزهەب و رێکخستنەوە نەک تەنها جیاوازن بەڵکو فرە رەنگ و ناکۆک و دوژمنکارن.
هاوڵاتی