بڕیار بوو کە عێراقی دوای ڕووخانی رژێمی سەدام عێراقێکی نوێ بێت و پشت بکاتە ئەو مێژووە ڕەشەی کە ساڵانێک بوو حوکمی ئەو وڵاتەی پێدەکرا، مێژووێکی خوێناوی کە هەر لە زووەوە بەرۆکی گەلانی عێراقی گرتبوو، بەڵام لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری عێراقدا لە ساڵی ١٩٥٨ و بە تایبەتیش لەو کاتانەی کە بەعسییەکان جلەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست خوێناوی تر بوو. کە سەردمێک بوو بۆ تەواوی عێراقیەکان بە گشتی و گەلی کوردستان بە تایبەت پڕ بوو لە کارەسات و کودەتا و تەسفیەی سیاسی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە شەڕ و ئینکارکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان.
زەمەن هات و رۆیشت ساڵی ٢٠٠٣ دەرفەتێک بۆ گەلانی عێراق بە کوردیشەوە هاتەپێشەوە، ئەویش کۆتایهێنان بوو بە دەسەڵاتێک کە گەلانی عێراق خەونیان بە لەناوبردنی دەبینی.
لە پرۆسەی ئازادیی عێراقدا سەدام حوسێن و دارودەستەکەی لە سەر کار لابردران و دواتر لەسەر تاوانەکانیان خرانە بەر حوکمی دادگا، دوو ساڵ دواتر لە عێراق هەڵبژاردنێکی ئازاد ئەنجام درا و خەڵکی دەنگی بۆ دەستووری تازەی وڵاتدا.
دەستوری ٢٠٠٥ی عێراق لە ماددەی یەکەمیدا کەپێناسە عێڕاقی تازە کردووە دەنووسێت:
کۆماری عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵی یەکگرتووی سەربەخۆی خاوەن سەروەریە، ڕژێمی حوکمڕانی تێیدا کۆماری نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) دیموکراسیە) بۆیە وەک لە پێناسەی ئەو دەوڵەتە هاتووە دەبوو لە عێراقدا بەپێی ماددەکانی (٤٨، ٦٨)ی دەستوور ئەنجوومەنی فیدراڵی دابمەزرێت.
دوای دوو دەیە لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق و ئەنجامدانی چەندین خوولی هەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەک دامەزراوەکانی فیڕاڵی بە تەواوی دانەمەزراون، بگرە چەندیین ماددەی دەستووری دیکەش کە پەیوەندیدارە بە مافەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستوور کاریان پێنەکرا و وا لەسەر ڕەفەکان تۆزیان لەسەر نیشتووە.
ناکۆکییە مەزهەبی و سیاسیەکان و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان و هەژموونی ئیقلیمی لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێڕاق وایکرد لەم چەند ساڵە دامەزارەوەکانی عێراق لە دامەزراوەی (یاسادانان، جێبەجێکردن، دادوەری) نەتوانن بە پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان (فصل السلطات) کاری خۆیان بکەن
لە ئێستادا پەرلەمانی عێراق وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێری چەند مانگێکە بەبێ سەرۆکە، دادگای فیدڕاڵی سەرۆکەکەی ناردەوە ماڵەوە، ، حکومەت بەشێک لە کارەکانی دادگای فیدڕاڵی بۆی یەکلادەکاتەوە، حکومەتەکانی ناوند و هەرێمی کوردستان کێشەکانیان هێندە زۆرن دادگای فیدڕاڵی کراوتە سەکۆی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوانیان، دوایین پرسیش کە دادگای فیدڕالی دادوەری لێکرد بریتی بوو لە کێشەی مووچەخۆڕانی هەرێمی کوردستان و یاسای هەڵبژرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت بابەتی بەشداری کۆتاکان.
لێرەدا دەڵێین ئەگەر دادگا کاری پەرلەمانی کرد و یاسایی دەرکرد ئەو وڵاتە بۆ بێت بڵێت پەرلەمانم هەیە؟، ٣٢٩ پەرلەمانتار بۆ بکرێنە بارێکی قورس بەسەر خەڵکی عێراق؟، ئەگەر دادگا هێلەکانی حوکمڕانی بۆ حکومەت دیاریکرد عێراق کابینەی وەزاری بۆچییە؟ ئەگەر بۆ هەمیشە دادگا پرسەکانی نێوان ناوند و هەرێمی کوردستانی یەکلاکردەوە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی هیج پێویست ناکات دابمەزرێت.
بۆیە دەڵێین، عێراق دەوڵەتێکە کە جگە لەوەی لەژێر کاریگەری هەژموونی ئیقلیمی دایە بە ڕووکەش دەوڵەتە چونکە بەکردەوە خەڵکی دیکە و بە زۆربەی جاریش دادگای فیدڕاڵی حوکمی دەکات.
ئەوەی ماوە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکیەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و چارەسەرنەکردنی کێشەکانی خەڵک کەوتۆتە بەر حوکمی چەکوشەکەی دادگای فیدڕاڵی، کە ئەویش قسەی خێر بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم ناکات، هەر ئەوەشە وا دەکات هەرێم بەسەر دوو ئاڕاستە جیاواز لەمەڕ قسەکردن لەسەر ئەو دادگایە دابەش بێت، ئاڕاستەیەک پەسنی بڕیارەکانی بکات و ئاڕەستەی دووەمیش دژی بووەستێتەوە. بەڵام ئەوەی هەیە ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە شکستی حوکمڕانی چەند ساڵەیان وا خەریکە ئێستا باجەکەی دەدن، بەم شێوەیە بوونەتە دیلی دەستی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی. ئەگەر بەخۆ نەکەن دەبێت چاوەڕوانی زیاتریش بن.
هیوا سەید سەلیم